براوەكانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ئەمساڵ كێن؟

دەیان هەزار كەس دەتوانن بۆ خەڵاتەكە داواكاری پێشكەشبكەن، بەڵام تەماشای سەرجەم پێشنیازەكان ناكرێت

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ساڵی 2022 دەبەخشرێتە هەریەك لە ئەلیس بیالیاتسكی چالاكوانی مافدۆستی بیلاڕوسی و ڕێكخراوی میمۆریاڵی ڕوسی بۆ مافەكانی مرۆڤ و سەنتەری ئازادییە مەدەنییەكانی ئۆكرانیا، بەهۆی هەوڵەكانیان لە تۆماركردنی تاوانەكانی جەنگ و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.

لیژنە نەرویجییەكەی خەڵاتی نۆبڵ ڕۆژی هەینی لە ئۆسلۆ ناوی براوەكانی خەڵاتەكەی ئاشكراكرد.

بیریت ڕایس-ئەندرسن سەرۆكی لیژنەكە بە ڕۆژنامەنووسانی وت، براوەكان “هەوڵی بێوچانیان خستووەتەگەڕ بۆ تۆماركردنی تاوانەكانی جەنگ و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و توندڕەوی لە بەكارهێنانی دەسەڵات. پێكەوە گرنگیی كۆمەڵی مەدەنییان لەپێناو ئاشتی و دیموكراسیەت سەلماند”.

ئەوەشی وت، ئەوان “بەدرێژایی ساڵانێكی زۆر مافی ڕەختەگرتن لە دەسەڵات و پاراستنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتییان بەرەو پێش دەبەن”.

بیالیاتسكی هاریكار بووە لە دامەزراندنی كۆمەڵەی ڤیاسنا (بەهار) بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە ساڵی 2020ەوە دەستبەسەرە.

ئەلیس بیالیاتسكی چالاكوانی مافدۆستی بیلاڕوسی

ڕێكخراوی میمۆریاڵی مافدۆست-یش پاش هەرەسی یەكێتیی سۆڤیەت دامەزرا بەمەبەستی تاوتوێكردنی پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ كە لەو سەردەمەدا ئەنجامدرا. ڕێكخراوەكە لە سەرەتای ئەمساڵدا داخرا بەهۆی ئەو فشارانەی ڕوسیا كردیەسەر گروپە بەرهەڵسكارەكانی شەڕی ئۆكرانیا.

لانیكەمی 343 كاندید كێبڕكێیان لەسەر وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ئەمساڵ دەكرد.

خەڵاتەكە ساڵی ڕابردوو بەخشرایە بەرگریكاران لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری هەریەك لە ماریا ریسا-ی فلیپینی و دیمیتری مۆراتۆڤ-ی ڕوسی.

نۆبڵی ئاشتی تاكە خەڵاتی نۆبڵە كە لە ئۆسلۆ دەبەخشرێت، لەكاتێكدا خەڵاتەكانی دیكە لە ستۆكهۆڵم دەبەخشرێن.

وەرزی نۆبڵ دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو بە خەڵاتی پزیشكی دەستیپێكرد كە سڤانتی باپۆ-ی سویدی بووە براوەی لەپای ئاشكراكردنی نهێنییەكانی ترشی ناوەكیی مرۆڤە سەرەتاییەكان.

ڕۆژی سێشەممەش سێ زانا پێكەوە خەڵاتی نۆبڵی فیزیایان بردەوە كە بریتی بوون لە هەریەك لە ئالان ئەسپیكت-ی فەرەنسی و جۆن كلاوسەر-ی ئەمریكی و ئەنتۆن تسایلینگر-ی نەمسایی.

توێژەران كارۆلین بیرتۆزی، مۆرتن میلدال و باری شاربلس خەڵاتی نۆبڵی كیمیایان بردەوە بەهۆی ئەو دەستكەوتە زانستییەی لە پەرەپێدانی ئەوەی ناودەبرێت كیمیای كلیك (الكيمياء النقرية- Click chemistry)‏ بەدەستیانهێناوە، لقێكی دیكەی كیمیایە و تاوتوێی ئەو كارلێكانە دەكات كە لە نێو سیستمە زیندووەكاندا ڕوودەدات، بەبێ ڕوودانی دەستێوەردان لە دەرەوە لە پڕۆسەی گۆڕانكارییەكەدا.

پێنجشەممەش خەڵاتی ئاداب درایە ئانی ئیرنۆ-ی ڕۆماننوسی فەرەنسی.

وەرزی ئەمساڵ ڕۆژی دووشەممە بە خەڵاتی ئابوری كۆتایی دێت كە ساڵی 1969 بۆ پاڵ پێنج خەڵاتەكەی دیكەی ناو وەستێتنامەكەی ئەلفرێد نۆبڵ زیادكرا.

 

بابەتی پێشتر

دوو شەمەندەفەر لە سڕبیا پێکیاندادا

بابەتی دواتر

کۆرپەکانمان لە تەنگژەدان.. مەترسیی گەورە لە شیری دایکدا دەردەکەوێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سعودیە و قەتەر: هەینی جەژنە

لیژنەی چوادێریکردنی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی قەتەر داوا دەکات ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە چاودێریی بینینی مانگ…
Total
0
Share