بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، مانگی رابردوو زیاتر لە 15 هەزار منداڵ لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی تایبەت بە منداڵان چارەسەركراون.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە (1 بۆ 2023/9/30) لە نەخۆشخانەی د. ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری لە شاری سلێمانی 15.950 منداڵی نەخۆش لە هەردوو بەشی دەوامی بەیانیان و بەشی راوێژكاری نەخۆشخانەكە بینراون و سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە و 2.553 منداڵ داخڵكراون.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە مانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەی منداڵان 965 حاڵەتی سكچوون و رشانەوە و وشكبوونەوە و 443 حاڵەتی هەناسەتوندی تۆماركراون، 234 منداڵ لەبەشی بەدخۆراكی و 331 منداڵ لەبەشی تیشك و دەمار و 250 منداڵ لەبەشی راهێنانەوەی چارەسەری خۆراك بینراون و 186 منداڵ لەبەشی نەبەكام داخڵكراون.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، مانگی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێركاری 18.115 پشكنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر و 129 پشكنینی گەشەی هۆرمۆن و 497 سۆنەر و 71 ئیكۆ ئەنجامدراون و 425 تیشك گیراوە.