وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئاماری ڕێژەی هەژاری بڵاوكردەوە كە گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار.
عەبدلزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، “ڕێژەی هەژاری لە عێراق دا گەیشتووەتە 32%”
هنداوی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا ئەمڕۆ دووشەممە 28ی كانونی یەكەم ڕایگەیاند، “بەر لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، ڕێژەی هەژاری لە عێراق گەیشتبووە 20% بەڵام هاتنی پەتاكە و لێكەوتەكانی وەك كەرەنتین و قەدەغەی هاتوچۆ، ڕێژەی هەژارییان بەرزكردەوە بۆ 32%”
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، “ئەو ڕێژەیە لەسەر بنەمای داهات دیاریكراوە، نەك ڕەهەندەكانی تری وەك نیشتەجێبوون و خوێندن و تەندروستی، چونكە ئەگەر ئەوانە بە پێوەر وەربگرین، ئەوا ڕێژەكە دەگەڕێتەوە بۆ 20%ـەكەی پێشوو.”
بە گوێرەی پێوەرەكانی زانستی ئابوری، ئەگەر ڕێژەی هەژاری بگات بە ئاستی هاوشێوەی ئێستای عێراق، ئەوا دۆخی ئابوریی ئەو وڵات و كۆمەڵگەیە بە خراپ دەپێورێت.