منداڵانی عێراق کتێبی وانەکانیان نییە.. قەیرانی سیاسی گورز لە پرۆسەی خوێندن دەدات

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن لە عێراق، وەزارەتی پەروەردە ڕووبەڕووی چەندین کێشە بووەتەوە لەوانە نەبوونی کتێبی نوێی وانەکان بۆ خوێندکاران بەهۆی چاپنەکردنی کتێب بۆ ئەمساڵ و کێشەی نەبوونی بینای پێویست بۆ قوتابخانەکان، سەرجەم کێشەکانیش بەهۆی ئەو قەیرانە سیاسییەوەیە کە عێراقی تێدایە.

دەوامی خوێندنگەکان لەم مانگەدا دەستپێدەکاتەوە، وەزارەتی پەروەردەش خوێندکارانی ئاگادارکردووەتەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

ساڵانی ڕابردوو کەموکوڕیی زۆر لە پرۆگرامی خوێندن لە سەرجەم، خوێندنگەکان لەسەرتاسەری وڵاتدا هەبووە، هەزاران خوێندکار بەبێ ئەوەی کتێبی وانەکانیان پێبدرێت دەستیانکرد بە خوێندن.

ئەو کێشانەی چاوەڕێدەکرێت ئەمساڵ بە قوڵی ڕوو لە عێراق بکەن لە پرۆسەی خوێندندا:

کەمی بینای خوێندنگەکان کە وەزارەتی پەروەردە ناچاردەکات خوێندنگەکان پۆلەکان قەرەباڵغ بکات، سەرەڕای بوونی زیاتر لە دەوامێک لە هەر بینایەکدا.

نەبوونی چاپی نوێی کتێبەکانی خوێندن، ئەوەش کەموکوڕییەکی یەکجار زۆر لە کتێبدا دروستدەکات و ژمارەیەکی زۆر خوێندکار بێ کتێب دەمێننەوە.

پابەندنەبوونی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەیی بە ئەرکەکانیانەوە وەک پیویست بەهۆی دابیننەکردنی ئەو پێداویستییانەی لەمیانی ساڵی خوێندندا دەبێت لەبەردەستیاندابێت.

کاریگەریی ناکۆکییە سیاسییەکان لەدوای هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانەوە، پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ کە ڕێگرە لە مامەڵەکردنی ئەم حکومەتە بە داهاتەکانەوە بەهۆی ئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەرە، هۆکاری ئەو قەیرانە پەروەردەییانەن.

ئەو قەیرانە جگە لە پەروەردە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر زۆرینەی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دیکە دروستکردووە، لەوانە کارەبا، تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی زانکۆکان و لایەنی دیکەش.

شارەزایانی پەروەردەیی دۆخی خوێندن و پەروەردە لە عێراق بەوە ناودەبەن کە “وادەکات خوێندکار هەڵبێت لە خوێندن”، بەهۆی ئەوەی حکومەت ناتوانێت بەرنامەیەکی خوێندنی سەرکەوتوو پێشکەش بکات.

وەزارەتی پەروەردەی عێراق باس لەوەدەکات کە پێویستیان بە ملیۆنان دۆلارە بۆ ئامادەکردنی چاپی نوێی پرۆگرامەکانی خوێندن و ئەوەش لە توانای ئەواندا نییە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە دەیەوێت پشت بە کتێبە کۆنەکان ببەستێت کە هی ساڵانی پێشوون و ژمارەیەکی زۆر هەن لە گەنجینەکاندا.

یەکێکی دیکە لەو ڕێگا شوێنگرەوانەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەیەوێت پشتی پێببەستێت پەرەپێدانی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆئەوەی کەمتر پشتبە کتێب ببەسترێت.

لەگەڵ ئەوەشدا شارەزایان پێیانوایە کتێبی کۆن کاریگەریی نەرێنی لەسەر خوێندکار دەبێت بەتایبەت خوێندکارانی سەرەتایی و قۆناغەکانی یەک و دووی سەرەتایی وادەکات ساردببنەوە لە خوێندن و ئەو کەشەی تێیدا دەخوێنن.

بابەتی پێشتر

سەرۆکی پێشووی داواکاری گشتیی سلێمانی گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

داعش پەلاماری گوندێکی سنووری کەرکوکی دا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share