قوباد تالەبانی: نابێت هاووڵاتییانی هەرێم لەوە زیاتر لە دۆخی بێ بودجەییدا بمێننەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە کریستیانە هۆمان، باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عیراق، کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا چەند پرسێکیان تاوتوێکرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا لە عێراق پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئەڵمانیا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێکرا و لەمبارەیەوە جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرفت و بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجەدا و رایگەیاند: لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکان و نابێت هاووڵاتییانی هەرێم لەوە زیاتر لە دۆخی بێ بودجەیی و بێ موچەییدا بمێننەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوکارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیای کرد بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش دەستخۆشی کرد لە هاوکارییەکان و هەماهەنگییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ئەو پڕۆژانەی لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە ئامادە کراون، لەوانە  هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و پڕۆژەکانی ریفۆرمی ئابوری و پڕۆژەی کشتوکاڵ، کە لە هەموو ئەو بوارانەدا حکومەتی ئەڵمانیا بە شێوازی جیاواز هاوکاری نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی کردوە.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باسی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا، لای خۆیەوە جێگری سەرۆکی حکومەت روونکردنەوەی پێویستیدا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفۆرم لە هێزەکانی پێشمەرگە و لەمبارەیشەوە سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیای کرد کە لە چەند ساڵی رابردوودا لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەکەدا یارمەتیدەری حکومەتی هەرێم بووە.

بابەتی پێشتر

لەگەڵ ئەنچیلۆتی هەموان دڵخۆشن

بابەتی دواتر

ئایا مباپی متمانەى لەدەستداوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share