پێشنیازكراوە راستەوخۆ مووچەی دوو وەزارەت لە بەغدادەوە بدرێت

سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت، مامۆستا بە گیرفانی بە تاڵ دەوامی پێناكرێت، بەڵام بایكۆتیش چارەسەرنییە و دەشڵێت، “پێشتر كە سەردانی بەغدادمان كرد پێشنیازمان بۆ كرا مووچەی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی بخرێتە سەر بەغداد و ئێمە داوامانكردووە گرفتی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربكرێت”.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، مامۆستا بە گیرفانی بە تاڵ دەوامی پێناكرێت، بەڵام بایكۆتیش چارەسەری ئەو دۆخە ناكات و دواجار خوێندكاران زەرەرمەنددەبن و پێویستە كێشەی مووچەی مووچەخۆران چارەسەربكرێت و ئەگەر بایكۆت درێژە بكێشێت مەترسی لەسەر ئەوە هەیە كە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ دوابخرێت.

وتیشی، “پێویستە حكومەتی هەرێم هەوڵەكانی چڕبكاتەوە ئەو كێشەیە چارەسەربكات و حكومەتی عێراقیش دەبێت بەپێی یاسای بودجە ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابینبكات”.

ئەحمەد گەرمیانی باسی لەوەش كرد، لە ماوەی رابردوودا سەردانی بەغدادمان كرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی كۆبووینەوە و داوای چارەسەری كێشەی مووچەمان كرد و یەكێك لە راوێژكارەكان وتی، “لە كابینەی حەیدەر عەبادی پێشنیازكرا مووچەی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی راستەوخۆ لەلایەن بەغدادەوە بدرێت و عەبادی رەتیكردووەتەوە ئێستا ئێوە رەزامەندن بەو پێشنیازە، وەڵامی ئێمە ئەوە بووە كە پشتیوانی لە هەر هەوڵێك دەكەین بۆ چارەسەری كێشەی مووچە، بەڵام دەبێت كێشەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان پێكەوە چارەسەربكرێت بەو پێیەی ئەو هەنگاوەش گرفت دروستدەكات”.

راشیگەیاند، عێراق ئامادەنییە كێشەی مووچەی 8 هەزار مامۆستای كەركوك چارەسەربكات كە پێشتر لە پڕۆژەیاسای بودجەدا داواكرا بخرێتە سەر بەغداد و لە پەرلەمان ئەو پێشنیازە رەتكرایەوە.

بابەتی پێشتر

ئومێد خۆشناو: فرۆشتنی سیم كارتی بێ مۆڵەت قەدەغەدەكرێت

بابەتی دواتر

نرخی نەوت بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share