ئەو پرۆژەیەی گەرمیانییەكان چاوەڕوانین لە “2022دا تەواو دەبێت”

بە دووسایدكردنی ڕێگای نێوان كەلار و سلێمانی ئەو پرۆژەیەیە كە گەرمیانییەكان زیاتر لە هەر كەسێك چاویان لە تەواوبوونییەتی، بەڕێوبەری گشتیی ڕێگاوبانی گەرمیانیش باس لە كاتی تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە دەكات.

ئەمڕۆ دووشەممە 28ی كانونی یەكەم، بەڕێوبەرایەتیی ڕێگاوبانی گەرمیان ئاشكرایكرد، “پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگای کەلار-سلێمانی Lot 4 & Lot 5 بە درێژی 41 کیلۆمەتر (قۆناغی دووەمی ڕێگای کەلار-دەربەندیخان) لەئێستادا سەرەڕای پشووی فەرمی، کارکردن لە هەموو بڕگەکانی بەردەوامە”.

سەبارەت بەو پرۆژەیە عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری گشتیی ڕێگاوبانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “پاش ئەوەی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم سەردانی پرۆژەی بە دووسایدكردنی ڕێگای نێوان كەلار-دەربەندیخانی كرد، بڕیاریدا شایستە داراییەكانی بەڵێندەران خەرج بكرێت، ئەوەش وایكرد كاركردن لە پرۆژەكە بەشێوەیەكی باش دەستپێبكاتەوە”.

 پرۆژەی بە دووسایدكردنی كەلار دەربەندیخانمان ئەگەر گرفتی دارایی نەیاتە پێش تا دوو ساڵی داهاتوو واتە لە 2022دا تەواو دەبێت

بەڕێوبەری گشتیی ڕێگاوبانی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، “شایستە داراییەكانی بەڵێندەران 20 ملیار دینار بوو، 10 ملیاری بۆ ئەو كارە بوو كە بە ئەنجام گەیەندرابوو، ئەوەی دیكەشی بۆ ئەو بەشەی دیكەیەتی”.

“ئێستا لە هەموو بڕگەكانی پرۆژەكەدا بەشێوەیەكی گشتی كار دەكرێت، هەرچەندە قەرەبووی ئەو كاتە ناكاتەوە كە كاركردن تیایدا وەستا، چونكە لە 9ی ئازارەوە تا نزیكی مانگی تشرینی دووەم بەهۆی ئەوەی شایستە داراییەكانی بەڵێندەران نەدرابوو كاركردن تیایدا وەك پێویست نەبوو”، وەك عەدنان خەلیل وتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئێمە پرۆژەی بە دووسایدكردنی كەلار دەربەندیخانمان لایە، ئەگەر گرفتی دارایی نەیاتە پێش تا دوو ساڵی داهاتوو واتە لە 2022دا ئەو پرۆژەیە تەواو دەبێت و دەبێت بە دوو ساید”.

گەرمیان خاوەنی درێژترین پردە و هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەنی زۆرترین پرد

پرۆژەی بە دووسایدكردنی ڕێگای نێوان كەلار و دەربەندیخان نزیكەی 40 پرد لەخۆ دەگرێت، كە سەرجەمیان پردی نوێ دەبن، بەڕێوبەری ڕێگاوبانی گەرمیانیش ئاماژە بەو دەكات، پردەكان بەشێوەیەكی زۆر پێشكەوتوو جێبەجێ دەكرێن.

عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری ڕێگاوبانی گەرمیان ئاشكرایكرد، “بەڕێوبەرایەتییەكەمان لەڕووی دروستكردنی پردەوە زۆرباش پێشكەوتووە و ئەندازیاری خۆماڵی باشمان لەو بوارە هەیە، لە ساڵی 2003ەوە پردی زۆرباشمان لە گەرمیان دروستكردووە، پردی گردەگۆزینەمان دروستكردووە كە درێژترین پردی هەرێمی كوردستانە”.

عەدنان خەلیل ئەوەشی خستەڕوو، “بە تەواوبوونی دووسایدی نێوان كەلار و دەربەندیخان، بەهۆی ئەوەی نزیكەی 40 پرد لەخۆ دەگرێت، بەڕێوبەرایەتیی ڕێگاوبانی گەرمیان دەبێتە تاكە بەڕێوبەرایەتی لە هەرێمی كوردستان كە زۆرترین پردی دروستكردووە”.

پرۆژەی دووسایدی نێوان كەلار و دەربەندیخان، لەلایەن بەرێوبەرایەتیی ڕێگاوبانی گەرمیانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لەلایەن کۆمپانیای بێشکانەوە جێبەجێدەکرێت.

لە ئێستادا ڕێگای نێوان كەلار- سلێمانی بەشێكی كەمی دوو سایدە و بەشێكی زۆری یەك سایدە و رێگایەكی كۆنە، لە كەلارەوە تا ناحیەی پێباز كە نزیكەی 20 كیلۆمەترە كراوە بە دوو ساید، لە سلێمانیشەوە تا ناحیەی وارماوە كە نزیكەی 20 كیلۆمەتر دەبێت دووسایدە.

بەوەش، ڕێگای نێوان كەلار و سلێمانی 140 كیلۆمەترە و لەو ژمارەیەش 40 كیلۆمەتری دوو سایدە.

بابەتی پێشتر

بەهۆی تەقینەوەی تەنكەرێك و دەستڕێژی گولەوە حەوت كەس بوون بە قوربانی

بابەتی دواتر

حكومەتی عێراق بڕیارێك لە بەرژەوەندیی موچەخۆران دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share