هەفتەی داهاتوو داهاتی شەش مانگی هەرێم ئاشکرادەکرێت

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، داهاتی ناوخۆی هەرێم شەفافە و روونە و هەفتەی داهاتووش بە وردەکارییەوە داهاتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ئاشکرادەکرێت.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لەگەڵ بەغداد لەسەر خەتین بۆ چارەسەری کێشەی مووچە و بودجە، ئەوەی تا ئێستا لەسەری رێکەوتوین ناردنی سولفەیەکە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “قسەی زۆر دەکرێت لەسەر داهاتی هەرێم و ئەمە واچووەتە ناو خەڵکەوە کە داهاتێکی زۆر هەیە و دیار نییە چی بەسەردێت، دەمانەوێت ئەوە رابگەیەنین داهاتی ناوخۆ شەفاف و روونە و  وەک پێشتر وەزیری دارایی رایگەیاندبوو 320 ملیار دینارە، راستە ئەمە تەواوکاری پارەی مووچەمان پێکردووە، بەڵام خەرجییەکانی هەرێم تەنها مووچە نییە  “.

لای خۆیەوە راوێژکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو داهاتی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ رادەگەیەنین چی بۆ حکومەتی عێراق دەنێرین، بۆ هاوڵاتییانی خۆشمانی رووندەکەینەوە.

وتیشی، لەمەوبەدوا دەست بە وەرگرتنەوەی قەرز لەو کەسانە دەکەین کە بۆ پرۆژە قەرزیان لە حکومەت کردووە، بەداخەوە بەشێكیان زەویی و پارەیان بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان وەرگرتووە و قەرزیشیان کردووە، نە پرۆژەکەیان وەک خۆی جێبەجێکردووە نە قەرزەکەشیان داوەتەوە بەڵام دێن لە وەزارەتی دارایی دەدەن.

 

بابەتی پێشتر

"بە سێ قۆناغ هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە دەدرێت"

بابەتی دواتر

وەزیری ئاوەدانكردنەوە: 60%ی رێگای دووسایدی كەلار-دەربەندیخان تەواوكراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share