“بە سێ قۆناغ هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە دەدرێت”

وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم رایدەگەیەنێت، بە سێ قۆناغ هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەدرێت.

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستادا سەبارەت بە پرسی مووچە رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆدەبێتەوە، تیایدا باسی ئەو رێككارانە دەكەین كە چۆن مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵ هەموو مووچەكانیان وەربگرن.

روونیشیكردەوە، بەجۆرێك هەوڵبدەین بە داهاتی ناوخۆ “لەگەڵ ئەو قەرزەی لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە دێت و بۆ مانگەكانی 9 و 10 و 11یە، بتوانین مووچەی مانگی 7 و 8 لەگەڵ مانگی 12ش دابینبكەین”.

دانا عەبدولكەریم باسی لەوەشكرد، لە دوا سەردانی سەرۆك وەزیران، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی و شاندی یاوەریان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی و لایەنەكانی پێكهێنەرەكانی حكومەت بەڵێن دراوە لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەرێم و ناوەند دروستبكرێت، بۆ ئەوەی كاربكەن بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 و 2025، هەوڵبدەن هەمواری یاساكە بكەنەوە، بۆ ئەوەی بابەتی مووچە، تێكەڵاو بە بابەتەكانی دیكە نەكرێت، كە گفتوگۆ و رای جیاوازی لەسەرە لەنێوان هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم.

دووپاتیشیكردەوە، بە سێ قۆناغ هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە دەدرێت، یەكەمیان زیادكردنی بڕە قەرزەكەیە لە 500 ملیارەوە بۆ 700 ملیار، دووەم دەستپێكردنی بودجەی وەبەرهێنان كە رێژەی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا زیاددەكات، قۆناغی سێیەمش هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە بۆ دوو ساڵی داهاتوو، بەشێوەیەك بابەتی مووچە جیابكرێتەوە لە بڕگە ناكۆكەكان.

وەزیری ئاوەدانكردنەوە چارەسەری بنەڕەتیی كێشەی مووچەی بەستەوە بەوەی “ئەگەر حكومەتی ناوەندی پابەندبێت بە بەڵێنەكانی خۆی، چونكە زۆرجار ئەوان هەندێك بەڵێن دەدەن و پێوەی پابەندنابن”.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی نوێی سەركردایەتیی یەكێتی یەكەم كۆبوونەوە ئەنجامدەدات

بابەتی دواتر

هەفتەی داهاتوو داهاتی شەش مانگی هەرێم ئاشکرادەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share