بە بەرچاوی نوێنەرانی کونسوڵخانەکانی کەنەدا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا گۆهدار زێباری سزادرایەوە

ئەمڕۆ لە دادگای هەولێر نوێنەرانی کونسوڵخانەکانی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئامادەی دادگاییکردنی گۆهدار زێباری زیندانیکراوی بادینان ئامادەبوون و بەبەرچاوی ئەوانەوە سزای شەش مانگ زینداندانیکردنی بەسەردا درا.

بە بیانووی نەبوونی شوێن، رێگەنەدرا نوێنەرانی کونسوڵخانەکانی هۆڵەندا و ئەمریکا ئامادەی دانیشتنەکەی دادگا بن.

ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم دانیشتنی دادگا بەپێی ماددەی 15 بڕگەی یەكەمی تایبەت بە هەڵگرتنی چەكی بێمۆڵەت دادگایی ئەو چالاکوانەی بادینان بەڕێوەچوو و بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانیكردن سزادرا.

بڕیاربوو گۆهدار رۆژی 16ی ئازاری ئەمساڵ ئازادبكرێت، بەڵام بەگوێرەی ماددەی 279 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ ماوەی حەوت مانگ حوكمدرا، دوای ئەوەی ئەو بڕیارە تەمیزكرایەوە، حوكمەكەی بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاكەیدا لە زیندان هێڵدرایەوە تا ئەمڕۆ بە بڕیاری دادگا بۆ ماوەی شەش مانگی دیكە سزادرا.

بابەتی پێشتر

گەشتی ئاسمانی نێوان هەولێر و کەرکوک دەستپێدەکات

بابەتی دواتر

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی دەستیپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share