وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە داهاتوودا ئەو بڕە پارەیەی گەنمی جووتیارانی هەرێم کە ماوە، رەوانەدەکرێت و دابەشدەکرێت بەسەر جووتیاراندا.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی بازرگانی بڵاویکردەوە، کۆی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 411 ملیار و 24 ملیۆن و 196 هەزار دیناری عێراقییە، لەو بڕە پارەیە، تاوەکو ئێستا، 233 ملیار دیناری نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان.
وەزارەتەکە دەشڵێت، ئێستا بڕی 178 ملیار و 24 ملیۆن و 196 هەزار دیناری عێراقی لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ماوە و لە ئایندەدا ڕەوانەی هەرێم دەکرێت.
جەختیشیکردەوە کە ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان دابەشکردنی بەسەر جووتیاراندا بەردەوامە بەپێی رۆژی وەرگرتنی گەنمەکانیان، ئەو بڕەشی کە ماوە دوای گەیشتنی بەهەمانشێوە دابەشدەکرێت.