بەردەوامە لە مانگرتن
وادەی دادگاییكردنی گوهدار زێباری دیاریكرا

بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دانیشتنی دادگایی گوهدار زێباری بەڕێوەبچێت، چالاكوانێكیش دەڵێت، بەردەوامە لە مانگرتن و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

ئامەد پیران، چالاكوان و كەسوكاری زیندانیانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، وادەی دادگاییكردنی گوهدار زێباری دیاریكراوە كە بڕیارە لە 1ی تشرینی یەكەم بەپێی ماددەی 15ی هەڵگرتنی چەك بەڕێوەبچێت.

وتیشی، “بیانووی ئەمجارە چەكێكی تاپڕە كە دەگەڕێتەوە بۆ باپیری و لە ماڵی خوشكێكی دۆزراوەتەوە”.

گوهدار زێباری ماوەی 14 رۆژە مانگرتنی لە خواردن راگەیاندووە و بەهۆیەوە دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە، بەدرێژایی ماوەی رابردووش لە زیندانی ئاسایش هێڵدراوەتەوە، وەك ئەوەی ئامەد پیران ئاماژەی پێدا.

سەبارەت بە دۆسیەی شێروان شێروان-یش، ئەو چالاكوانە وتی، “هێشتا بڕیاری تەمیزكردنەكەی نەگەڕاوەتەوە و بەهۆیەوە لە زیندانی چاكسازی ماوەتەوە”.

گوهدار زێباری، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020دا لەگەڵ چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكە بە تۆمەتی “سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی” دەستگیرکران، لە 16ی شوباتی 2021یش لەلایەن دادگای تاوانه‌كانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانی كرا.

دوای كەمكردنەوەی سزاكەی بەڕێژەی 60%، بڕیاربوو لە 16ی ئازاری 2023 ئازادبكرێت، بەڵام رۆژێك پێشتر واتە لە 15ی ئازاری رابردوو لە دانیشتنێكی دادگادا بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارێزەرانی، گوهدار زێباری بە حەوت مانگی دیكە زیندانیكردن سزادرا، تەنها بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی و دوای تانەدان لە بڕیارەكە، ماوەی ئەو سزایە لە حەوت مانگەوە بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە.

ماوەی سزای دووەمی لە 16ی ئاب تەواوبوو، بەڵام چالاكوانەكە لە زیندان هێڵدرایەوە و دیسان دۆسیەیەكی دیكەی لەسەر كراوەتەوە.

لەسەر ئەو دۆسیە نوێیە پێشتر عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، گوهدار زێباری دۆسیەی چەكی بۆ كراوەتەوە، چەكەكەش تاپڕێكی ساڵی 1960و هی باپیریەتی و لە ماڵی خوشكەكەشیدا گیراوە.

بابەتی پێشتر

زانا هۆڵەندییەکە هۆشداری لە بومەلەرزەیەکی بەهێز دەدات

بابەتی دواتر

زیاتر لە پێنج هەزار پلەداری پێشمەرگە پلەیان بەرزکرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مامۆستایانی وانەبێژ دادەمەزرێندرێن

جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ڕێگەی پڕۆژەیەكەوە گرفتی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەردەكرێت و جەختیشدەكاتەوە بەپێی دوایین…
Total
0
Share