بڕیارە سبەی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی بچێتە پەرلەمانی كوردستان و باس لە ئەنجامی گفتوگۆکانیان بكات كە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئەنجامیان داون.
ئەمڕۆ یەكشەممە 27ی كانونی یەكەم، سامان ئەحمەد، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “پێشتر داوامان لە حكومەتی هەرێم كرد كە ئەو شاندەی چووەتە بەغداد بێتە پەرلەمان و ڕوونكردنەوەمان پێبدات”.
بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، “بڕیارە سبەی قوباد تاڵەبانی و شاندی یاوەری بێنە پەرلەمان و لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەکانی (دارایی و كاروبارى ئابوری، كاروبارى یاسایی، وزه و سامانە سروشتییەکان) کۆببنەوە”.
ئامانجی كۆبوونەوەكەش ئەوەیە، ڕوونکردنەوە لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغداد لەلایەن شاندەكەوە بخرێتەڕوو، وەك سامان ئەحمەد ئاشكرایكرد.
بەگوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، هەریەک لە وەزیرانی دارایی و كاروبارى ئابوری، پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، یاوەریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت دەکەن لە چوون بۆ پەرلەمان.
سامان ئەحمەد ئەوەشی وت، كۆبوونەوەكە لە کاتژمێر 11ى پێشنیوەڕۆ لە پەرلەمان ئەنجامدەدرێت، سەرجەم ئامادەكارییەكانیش بۆ ئەو مەبەستە كراوە.
پهرلهمانی كوردستان له بەرواری 16ی كانونی یەكەم بە نوسراوی ژماره 2906، داوای لە حكومەتی هەرێم كرد كۆبوونهوهیهكی تایبهت لهگهڵ شاندی دانوستانهكانی نێوان حكومهتى ههرێم و ناوهند ئەنجامبدات.
دواتر سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوی ژماره 9019ی له 23ی كانونی یەكەم ئاڕاستهی پهرلهمانی كوردستانى كرد، ئاماژهی بهوەكرد، ڕۆژى دووشهممه 28ی كانونی یەكەم، شاندى دانوستانكار له پهرلهمان ئاماده دهبن.