قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە شاندێكی سەربازیی ئەڵمانیا بە سەرۆكایەتیی كۆلۆنێڵ بۆڵینگێر فەرماندەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە هەرێم و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا رووداوی هێرشكردنەسەر هێزەكانی دژەتیرۆر و چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێكران.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە 20ی ئەیلولی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا بێنجامین هانا كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا بە وەكالەت ئامادەیبوو، شاندەكەی ئەڵمانیا بۆ شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی هێزەكانی دژەتیرۆر، پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی قوباد تاڵەبانی و هێزەكانی دژەتیرۆر كرد و بە توندی ئیدانەی هێرشەكەشیان كرد.
لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند هێرشكردنەسەر فڕۆكەخانەی عەربەت پێشهاتێكی مەترسیدار و پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەریی عێراقە و تیایدا هێزێكی فەرمیی كوردستانی و عێراقی كراوەتە ئامانج، پاساوی لایەنی هێرشبەریشی رەتكردەوە و رایگەیاند شەهیدەكان و بریندارەكانی رووداوەكە هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان و ئەندامی هێزەكانی دژەتیرۆر بوون و بە هیچ شێوەیەك جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێكی دیكە لە فڕۆكەخانە نەبووە.
قوباد تاڵەبانی داواشیكرد حكومەتی عێراق و هاوپەیمانان هەنگاوی كردەیی و جددی بگرنەبەر بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە و پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە كرا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەكرد بەهۆی نەبوونی وەزیری پێشمەرگەوە هەنگاوەكانی چاكسازی وەك پێویست جێبەجێ ناكرێن، وتیشی، “كاندیدی خۆمان بۆ وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت دەستنیشان كردووە و هیوادارین بە زووترین كات ڕێوشوێنە یاساییەكانی دەستبەكاربوونی كۆتایی پێبێت تا جێبەجێكردنی پڕۆسەی چاكسازی بكەوێتەوە سەر رێڕەوی خۆی بە جۆرەی كە پلانی بۆ دانراوە.
هۆشداریشی دا كە دواخستنی هەنگاوەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت و دەبێتەهۆی بێمتمانەیی هێزەكانی هاوپەیمان و دۆستەكانی هەرێمی كوردستان.