قوباد تاڵەبانی: داوادەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بێنە سەرخەت

قوباد تاڵەبانی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ دەرخستنی راستییەکانی رووداوەكەی عەربەت و داواشدەكات لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بێنە سەرخەت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی سەر هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان دەکەم لە ناحیەی عەربەت. ئەمە پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەری خاکی عێراقە کە لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر هێزەکانی دژە تیرۆر، لە کاتێکدا ئەو هێزە سەرقاڵی مەشق و راهێنانی ئاسایی و رۆژانەی خۆیان بوون.

قوباد تاڵەبانی ئەوەش دەڵێت، بەداخەوە لەم رووداوەدا سێ هەڤاڵی قارەمانی گەلەکەمان شەهیدکران و سێ هەڤاڵی دیکەشمان برینداربوون.

لەگەڵ ئاراستەكردنی پرسە و سەرخۆشی بۆ کەسوکاری شەهیدان دووپاتیدەكاتەوە، “هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر هێزێکی قارەمانی کوردستان کە ئەرکیان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کوردستانە و رۆڵێکی بنەڕەتیشیان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا”.

جێگری سەرۆك وەزیران داواشدەكات، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بێنە سەرخەت و کاربکەن بۆ رێگریکردن لەوەی جارێکیتر ئەو پێشێلکارییانە دووبارە نەبنەوە. هەروەها داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان دەکات لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ دەرخستنی تەواوی راستییەکان و ئاشکراکردنیان بۆ رای گشتیی خەڵکی کوردستان.

بابەتی پێشتر

شارەوانیی سلێمانی ئامادەکاریی بۆ وەرزی زستان دەکات

بابەتی دواتر

یونیسێف: 300 هەزار منداڵی لیبیا بەهۆی زریانەکەوە زیانیان بەرکەوتووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی هەرێم دەتوانێت سوود لە دەستوور وەربگرێت

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریدەدات لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە و دەڵێت، “دەبێت حكومەتی هەرێم سوود…
Total
0
Share