وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت، لە رۆژێکدا زیاتر لە 90 حاڵەتی توندوتیژیی خێزانیی تۆماردەکرێت بەبێ ئەوەی چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە.
لیوا عەدنان حەمود سەلمان بەڕێوەبەری پاراستنی خێزان و منداڵ لە توندوتیژی خێزانیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، “رۆژانە حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی منداڵ و ژن و پیر و تەنانەت پیاوانیش لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو دۆخە ناهەموارە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەی عێراق ماوەی چەندین ساڵە پێیدا تێدەپەڕێت”.
ئاشکراشیکرد، “%57 ی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی خۆی لە دیاردەی فرەژنیدا دەبینێتەوە، توندوتێژی ژن بەرامبەر بە هاوسەرەکەی %17 پێکدەهێنێت، توندوتیژی باوک بەرامبەر منداڵەکانی %6 پێکدەهێنێت، توندوتیژی بەرامبەر کەسانی بەتەمەن %2 پێکدەهێنێت، %18 ش جۆرەکانی دیکەی توندوتیژی خێزانیی دەگرێتەوە”.
بە وتەی ئەو بەرپرسە عێراقییە، رۆژ بەرۆژ ئامارەکانی توندوتیژی بەرزدەبنەوە، بێ ئەوەی بیر لە چارەسەرێکی بنەڕەتی بکرێتەوە.