IRAQ OIL REPORT: هەرێمی کوردستان لە لێواری ئیفلاسبوون و نائارامیدایە

پێگەی “IRAQ OIL REPORT” لە راپۆرتێکدا باس لە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، مامەڵەی بەغداد بە “توند” لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناودەبات و دەشڵێت، “هەرێمی کوردستان لە لێواری ئیفلاسبووندایە”.

لە راپۆرتی پێگەکەدا کە کۆمەڵێک لە شرۆڤەکاران و رۆژنامەنووسانی جیهانی بەڕێوەی دەبەن هاتووە، لە ئێستادا بەغداد هێڵێکی مامەڵەکردنی توندی بەرامبەر هەرێمی کوردستان گرتووەتەبەر، هەرێمی کوردستان بەرەو پشێوی و نائارامی دەچێت، مانگرتن و ناڕەزایەتیی لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمەوە دەستیپێکردووە.

IRAQ OIL REPORT نووسیویەتی، “هەرێمی کوردستان بەرەو قەیرانی ئیفلاسبوون و نائارامی دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا تادێت حکومەتی عێراقی فیدراڵ توندتر دەبێت لە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان”.

راپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، فشاری دارایی لەسەر هەرێمی کوردستان توندترە لە هەرکاتێکی پێشوو بەهۆی راگیرانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمەکە، ئەو کۆمپانیایانەى کە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێم بەڕێوەدەبەن دەڵێن، ناتوانن ئەو سەرمایەى کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنان بە تواناى تەواو وەبەربهێنن، ئەگەر بەپێى گرێبەستەکانیان پارەیان پێنەدرێت.

ئەم فشارانە هەرێمی کوردستان دەخاتە سووڕێکی خراپی کەمبوونەوەی داهات و ململانێ سیاسییەکانیش هاوکات بەرەوە لوتکە دەبات، پێگەکە وا دەڵێت.

باسی لەوەشکردووە کە بەغداد لەسەرەتای مانگی ئابەوە تەنها یەک گوژمە پارەی ناردووە کە بڕی 598 ملیار دیناری عێراقییە کە دەکاتە 460 ملیۆن دۆلار، بەمەش حکومەتی هەرێم زۆر کەمتر لە داهاتی پێویست بۆ پێدانی پارەی مووچەی کەرتی گشتی کە زیاتر لە 900 ملیار دینارە لە مانگێکدا پارەی لەبەردەستدایە.

لە 4ی نیسانی 2023 لە بەغداد، هەریەکە لە محەمەد شیاع ئەسودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا رێککەوتنێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن عێراق و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا واژوو کرد.

ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ تۆڕی (ئەلمۆنیتەر)ی ئەمریكی بڵاویكردەوە، لە 3ی ئەیلول مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێم نامەیەکی ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کردووە و یەکشەممەی رابردوو رادەستی کۆشکی سپی کراوە، تیایدا نیگەرانی خۆی دەربڕیووە سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد.

لە نامەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، “ئێمە لەرووی ئابووری و سیاسیەوە خوێنمان لێ دەتكێ” و ترسی ئەوەی نیشانداوە كە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەک داڕمێت ئەگەر قەیرانەکە بێ چارەسەر بمێنێتەوە.

بابەتی پێشتر

بۆچی یاریزانەکان سوپاسی مێسییان کرد؟

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: فراوانكردنی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەكان فاكتەرێكی گرنگی سەركەوتنی هەوڵەكانە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بێریڤان ئەیوب ئازاددەكرێت

بڕیارە ئەمڕۆ تا سبەینێ سێشەممە، ژنه‌ چالاکوان بێریڤان ئەیوب ئازادبكرێت. دوای 19 مانگ مانەوە لە زینداندا، بێریڤان ئەیوب…
Total
0
Share