سوید لێپرسینەوە لە سەلوان مۆمیكا دەكات

پۆلیسی سوید لێپرسینەوەی لەگەڵ سەلوان مۆمیكا-ی عێراقیدا ئەنجامدا كە كارەكانی بووەتە مایەی ناڕەزایی عێراق و وڵاتانی ئیسلامی.

پەنابەرە عێراقییەكە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بووە مایەی ناڕەزایی، دوای ئەوەی لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا نوسخەیەكی قورئانی لە بەردەم گەورەترین مزگەوت لە ستۆكهۆڵم سووتاند.

كارەكەی زنجیرەیەك كاردانەوەی ناڕەزایی بەدواداهات، توندترینی لە بەغداد بوو، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران گڕیان لە بینای باڵیۆزخانەی سوید بەردا، چەندین وڵاتیش نێردەی سویدیان لە وڵاتەكانیان بانگێشت كرد بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتیی فەرمی.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دیڤید هول-ی پارێزەری مۆمیكا رایگەیاند، عێراق دەیەوێت مۆمیكا-ی رادەستبكرێت بەهۆی سووتاندنی قورئانەوە. بەپێی یاسا پێویستە ئەوەی ئەنجامیداوە تاوان بێت لە هەریەك لە سوید و عێراق.

پارێزەرەكەی لە پاش لێپرسینەوەكەی پۆلیس وتیشی، “بەڵام ئەو كارە لە سوید بە تاوان ئەژمارناكرێت، بۆیە سوید ناتوانێت رادەستیبكات” بە عێراق.

لای خۆیەوە مۆمیكا دووپاتیكردەوە، “سكاڵایەك دژ بە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشكەشدەكات، چونكە تاوانی سیاسیی دەرهەقەم ئەنجامداوە” وەك ئاماژەیەك بۆ داوای رادەستكردنەكەی.

پاش ئەوەی جارێكی دیكە كارێكی هاوشێوەی لە مانگی تەمموزدا ئەنجامدا، عێراق بڕیاریدا بە دەركردنی باڵیۆزی سوید لە بەغداد و، هەڵپەساردنی ئەو رێگەپێدانەی بە گەورە كۆمپانیای ئیریكسۆنی سویدی لە بواری پەیوەندییەكاندا بەخشیوە.

لای خۆیەوە حكومەتی سوید ئیدانەی سووتاندنی قورئانی كرد، بەڵام دووپاتیكردەوە یاساكانی وڵات زامنی ئازادی رادەربڕین و گردبوونەوە دەكات، بۆیە ناتوانێت رێگە بەو جۆرە جوڵانەوانە نەدات.

لە ئابی رابردووشدا بڕیاریدا ئاستی هۆشداریی تیرۆرستی بەرزبكاتەوە و، رایگەیاند مەترسیی روودانی هێرش “تا ماوەیەكی درێژ دەمێنێتەوە”.

بابەتی پێشتر

پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی دیاریكرد بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە

بابەتی دواتر

تەندروستیی سلێمانی: لە ماوەی مانگی رابردوودا هیچ حاڵەتێكی شێرپەنجەی مەمك تۆمارنەكراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share