دادگای ئەوروپا بۆ مافی مرۆڤ داوای ئازادكردنی دەمیرتاش دەكات و ڕایگەیاندووە، دەستگیركردنی ئەو سەركردە كوردییە بۆ ماوەی چوار ساڵ پێشێلكردنی پێنج مادەی ڕێككەوتنی ئەوروپایە بۆ مافەكانی مرۆڤ.
ئەمڕۆ شەممە 26ی كانونی یەكەم، دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاند، “دەستیگركردنی دەمیرتاش بە چەند هۆكارێكی سیاسییە نەك یاسایی”.
لەوبارەیەوە مەحسونی كرمان، پارێزەری دەمیرتاش ڕایگەیاندووە، “دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڕیارێكی مێژوویی لەبارەی بەپەلە ئازادكردنی دەمیرتاش دەركردووە”.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بەو بڕیارە سەرجەم ئەو تۆمەتانە پووچەڵ دەكرێنەوە كە ڕوبەڕووی دەمیرتاش كراونەتەوە، هەروەها ئەو ڕاستییەش تۆمار دەكات كە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەهۆكاری سیاسی دەستگیركراوە”.
ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، “بە سیفەتی ئەوەی دەوڵەتێکی کاندیدە بۆ بە ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا، پێویستە تورکیا بەڵگە و کرداری بەرجەستە و بینراو نیشانبدات لە فەراهەمکردن و ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکان، کە گۆشەیەکی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و تورکیا پشتی پێدەبەستێت”.
لە ڕاگەیەندراوەکەی نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی یەکێتیی ئەوروپادا ئەوەش هاتووە، “ئەمە پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی دادوەریی تورکیاشەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی یەکێتیی ئەورورپا پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادکردنی دەستبەجێی عوسمان کافالا و سەڵاحەدین دەمیرتاش”.
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە لە توركیا زیندان كراوە، تا ئێستاش دادگای ئەو وڵاتە ڕەتی دەكاتەوە ئازادی بكات.