بەپێی راپۆرتی پێگەیەکی بەریتانی، حکومەتی تورکیا سکاڵای لە دادگایەکی ئەمریکا دژی عێراق تۆمارکردووە و داوای قەرەبوو دەکات لە بەغداد بە بڕی 956 ملیۆن دۆلار.
بەپێی پێگەی میدڵ ئیست ئای، حکومەتی تورکیا لە دادگای ناوچەی کۆڵۆمبیا لە واشنتۆن دی سی سکاڵای تۆمارکردووە سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
تورکیا لە سکاڵاکەیدا جەختدەکاتەوە کە وڵاتەکەی نابێت هیچ قەرەبوویەک بدات بە عێراق بەڵکو بەغداد پێویستە بڕی 956 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بدات بە ئەنقەرە.
تورکیا دەڵێت، ئەو ڕێژەیەی کە لەلایەن دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریسەوە دیاری کراوە بۆ ئەو قەرەبووە حیساب کراوە کە هەریەکێک لەو دوو وڵاتە دەبێت بیدات بە ئەوی دیکە، ئەو بڕە پارەیەی کە عێراق دەبێت بیدات زیاتر دەبێت لەوەی کە تورکیا دەبێت بیدات بە عێراق.
تورکیا پێیوایە، عێراق دوای هەژمارکردنی سوودەکانی سەر هەردوولا عێراق بە بڕی 2.6 ملیار دۆلار قەرەبوو وەردەگرێت، لەکاتێکدا تورکیا 3.5 ملیار دۆلار وەردەگرێت.
رۆژی 25ی ئابی 2023، پێنج مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە تێپەڕی، کە دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس هات، کە زیانەکانی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی خەمڵاندنەکان دەگاتە پێنج ملیار دۆلار.