سەرۆكوەزیرانی پێشووی ژاپۆن داوای لێبوردن لە گەلەكەی دەكات

دانیبەوەدانا كە لێدوانی لە بەردەم پەرلەمان داوە و بۆی دەركەوتووە كە “ناڕاست بووە”

سەرۆكوەزیرانی پێشووی ژاپۆن داوای لێبوردنی لە پەرلەمانتاران كرد بەهۆی ئابڕوچوونێكی پەیوەندیدار بە پێشكەشكردنی خواردن و میوانداریكردنی لایەنگرانی لەسەر ئەركی حكومەت.

شینزۆ ئابی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی ژاپۆن كە زۆرترین ماوەی لە سەرۆكایەتی حكومەتی وڵاتەكەیدا بەسەربرد، پێشتر ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەكی لەو بوارەدا ڕەتكردەوە، بەڵام دواتر دانیبەوەدانا كە لێدوانی لە بەردەم پەرلەمان داوە و بۆی دەركەوتووە كە “ناڕاست بووە”.

ڕۆژی هەینی 25ی كانونی یەكەم ئابی لە وتەیەكدا بۆ پەرلەمانتاران وتی، “دەركەوت من ڕوونكردنەوەی هەڵە و پێچەوانەی ڕوداوەكانم داوە” ئاماژەی بەوەشكرد، “سەرەڕای نائاگاداریم لەبارەیەوە، بەڵام هەست بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی دەكەم. من زۆر پەشیمانم و داوای لێبوردن لە هاوڕێ پەرلەمانتارەكانم دەكەم”.

دۆسیەكە دەربارەی سازكردنی میوانداریكردن و نانخواردن بووە لەمیانەی ڤیستیڤاڵێك لەژێر چاودێری حكومەت، تیایدا لایەنگرانی ئابی بانگێشتكراون و نوسینگەگەی زیاتر لە هەشت ملیۆن یەن (76 هەزار دۆلار)ی لەماوەی پێنج ساڵ تا 2019 خەرجكردووە، بەبێ ئەوەی بەپێی یاسا زانیاری لەبارەی ئەم تێچووانەوە بدرێت.

پێشتر ئابی ڕەتیدەكردەوە كە نوسینگەكەی تێچووی ژەمە خۆراكییەكەی خەرج كردبێت.

بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆكوەزیرانی پێشوو بۆ یەكەمجار دوای دەست لەكاركێشانەوەی، كە ئەمساڵ بەهۆكاری تەندروستی پێشكەشیكرد، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسی ئەنجامدا و ئاشكرایكرد كە زانیاری نەبووە لەبارەی خەرجكردنی تێچووەكەوە.

لە بەرامبەردا پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن هێرشیان كردەسەر و لای خۆیەوە كیمی تسوگیمۆتۆ، لە پارتی دەستوریی دیموكراتی وتی، “لە كۆمپانیایەكی تایبەت، ئەگەر سەرۆكەكەی سەد جار لێدوانی ناڕاست بدات و دواتر داوای لێبوردن بكات بەوەی لەلایەن فەرمانبەرێكیەوە هەڵخەڵەتێنراوە، لێی دەبوردرێت؟”، هەروەك داوایشی لێكرد دەست لەكاركێشانەوە لە كورسی پەرلەمان پێشكەش بكات.

یوشیهیدی سۆگا-ی سەرۆكوەزیرانی ئێستاش لای خۆیەوە داوای لێبوردنیكرد بەهۆی لێدوانەكانی سەبارەت بەو پرسە دوای ئەوەی بۆی دەركەوت كە ناڕاستە.

بابەتی پێشتر

"بایدە".. لەماوەی سێ ڕۆژدا یەك ملیۆن بینینی تێپەڕاند

بابەتی دواتر

كەشناسی جیهانی: بەكۆتایی ئەمساڵ 10 ساڵە زۆر گەرمەكە دوایی دێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share