تەندروستیی سلێمانی: لە سلێمانی و هەموو وڵاتدا کۆلێرا هەیە

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاشکرایکرد کە لە سلێمانی کۆلێرا تۆمارکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا جەختیکردەوە کە لە سەرتاسەری عێراقیشدا نەخۆشییەکە هەیە و تەنها سلێمانی نییە.

دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، 10 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی کۆلێرا لە سلێمانی تۆمارکراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ساڵانە نەخۆشییەکە لە پارێزگاکە و لە سەرتاسەری عێراقدا هەیە.

دکتۆر سەباح هەورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پشکنین بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان ئەنجامدراوە، لە ئەنجامەکانیشدا کە لە بەغدادەوە گەڕاونەتەوە دەرکەوتووە کە 10 کەسیان تووشی نەخۆشیی کۆلێرا بوون، ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانە نزیکەی 100 نەخۆش بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە سەردانی نەخۆشخانەکانی سلێمانی دەکەن.

داوا لە هاوڵاتییانی سلێمانی دەکات لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بە وریایی و هۆشیارییەوە خۆپارێزی بکەن.

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی وتی، “هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە ئاوی پیسە، ئەگەر ئاوەکە بەشێوەیەکی تەندروست نەگاتە هاوڵاتیان، ئەوا کۆلێرا کۆنترۆڵ ناکرێت، هەروەها ئەو ئاوەی کە خەڵک لە تانکەرەکان دەیکڕن، خاوێن نین و هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییەن”.

سەبارەت بە خۆپارێزی باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەوەی ئاوی پیس هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیە، بۆیە هاوڵاتییان پێویستە لە دوو مانگی داهاتوودا پشت بە ئاوی کانزایی، ئاوی کوڵێنراو و سەرچاوە پشتپێبەستراوەکانی تەندروستی ببەستن.

دکتۆر سەباح هەورامی وتی، سەرچاوەی ئاوی بێ مۆڵەت و سەوزەوات کە بە ئاوی پیس و قورس ئاودەدرێت، هۆکاری سەرەکیی گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەن، بەو پێیەی زۆربەی حاڵەتەکانی ئێستای سکچوون بەهۆی نەخۆشیی کۆلێراوەیە، و ئەمەش پێویستی بە وریایی و خۆپاراستنی بەردەوام هەیە، بە تایبەتی سەبارەت بە ئاو.

هەروەها داوای لە هاوڵاتییان کرد، پەنا بۆ بەکارهێنانی ئاوی بیر نەبەن و بەشێک لەو بیرانەش ناتەندروستن و مۆڵەتیان نییە.

بابەتی پێشتر

فاتی بڕیارە دروستەکەى دا

بابەتی دواتر

چ سزایەكی هەیە؟<br> ناپاكیی گەورە (الخيانة العظمى) چییە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سوودەكانی كەرەوز بزانە

كەرەوز یەكێكە لە ڕووەكە گرنگەكان، چەند ماددەیەكی خۆراكیی بۆ جەستە تێدایە و دەوڵەمەندە بە “پۆتاسیۆم، ڤیتامینەكان، كالیسۆم و…
Total
0
Share