نوسراوێك.. دەستگیركراوەكەی عەسائیب ڕادەستی حەشدی شەعبی كرایەوە

ڕادەستی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی كراوە

بەپێی بەڵگەنامەیەكی ئاژانسی هەواڵگری، سەركردە دەستگیركراوەكەی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ڕادەستی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی كراوەتەوە، ئەمەش بۆ هێوركردنەوەی ئەو دۆخەی ئێوارەی هەینی لە بەغداد هاتە ئاراوە.

بەپێی نوسراوەكەی ئاژانسی هەواڵگری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ كە ئەمڕۆ شەممە 26ی كانونی یەكەم دەرچووە هەواڵگری باس لە كشانەوەی چەكدارانی عەسائیب دەكات بۆ نێو بارەگاكانیان پاش ڕێككەوتن لەگەڵیان لەسەر ڕادەستكردنی سەركردە دەستگیركراوەكەیان بە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی.

دوابەدوای دەستگیركردنی ئەو سەركردەیەیان، كە دەوترێت بە تۆمەتی پەیوەندیدار بوون بووە بە هێرشە موشەكییەكانی سەر ناوچەی سەوز، شەوی ڕابردوو ژمارەیەك چەكداری سەر بە عەسائیب لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەركەوتن و هەڕەشەیان لە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران كرد و ڕایانگەیاند، “بە توندی هۆشداری دەدەین بە كازمی و دەستوپێوەندەكانی لە بەکرێگیراوەکانی ئەمریکا كە دەست لەو كارە قێزەونە هەڵبگرن، بە پێچەوانەوە سزای خودایان بەسەردا دادەبارێت و بەدەستی موجاهیدان بە سزا دەگەیەندرێن.”

لە كۆتایی گرتە ڤیدیۆییەكەشدا، هوتاف دەڵێنەوە و ناوی قەیس خەزعەلی، فەرماندەی عەسائیبی ئەهلی دەبەن و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر ئەرك و گیانفیداییەك نیشاندەدەن.

دوابەدوای هەڕەشەكانی گرووپەكەی سەر بە خەزعەلی، مستەفا كازمی هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگیریدا، بە شێوەیەكی مەیدانی، هەندێك شەقامی گشتیی بەغداد-ی بەسەركردەوە.

كازمی لە تویتێكیشدا ڕاگەیاند، “ئاسایشی عێراق ئەمانەتێكە و لە ئەستۆماندایە، ملكەچی سەركێشی نابین، بە بێدەنگی و ئارامییەوە كارمانكرد لەپێناو گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک و دامەزراوە ئەمنییەکان و سوپا بە دەوڵەت، دوای ئەوەی بەهۆی سەركێشی لە یاسادەرچووانەوە لەرزۆك بووبوو”.

كازمی نووسیویەتی، “داوای هێمنیمان كرد بۆ ئەوەی وڵاتەكەمان نەخزێتە سەركێشییەكی پشێوخوازیی ترەوە، بەڵام ئامادەین بۆ ڕوبەڕوبوونەوەیان یەكلاییكەرەوە ئەگەر پێویست بكات”.

دەقی نوسراوەكە:

بابەتی پێشتر

نوجێفی: قائانی لە کۆتا سەردانیدا گڵۆپی سەوزی بۆ لێدانی میلیشیاکانی عێراق هەڵکردووە

بابەتی دواتر

شەمەندەفەرە نوێیەکەی چین ڕێگای 14کاتژمێر بە 3 کاتژمێر دەبڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share