نوجێفی: قائانی لە کۆتا سەردانیدا گڵۆپی سەوزی بۆ لێدانی میلیشیاکانی عێراق هەڵکردووە

ئەسیل نوجێفی، سەرکردە لە بەرەی عێراقی، کە ئوسامە نوجێفی برای سەرۆکایەتیی دەکات، ئەمرۆ شەمە 26ی کانونی یەکەم ڕایگەیاند لە سەردانی ئەمدواییەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ حکومەتی عێراقی هەڵکردووە بۆ لێدانی “میلیشیا بێسەروبەرەکان” ئەوانەی پەیوەست نین بە فەرمانەکانی ئێرانەوە.

نوجێفی لە نوسینێکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندووە، “قائانی لە دوایین سەردانیدا بۆ عێراق گڵۆپی سەوزی بۆ حکومەتی عێراق هەڵکردووە بۆ لێدانی ئەو میلیشیا عێراقییانەی کە پەیوەست نین بە بەرژەوەندییەکانی ئێران و دەڵێت، “ئەم هەلە جارێکی دیکە بۆ حکومەتی عێراق دووبارە نابێتەوە”.

ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاند، ئیسماعیل قائانی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک سەردانی عێراقی کردووە و دڵنیایی داوەتە حکومەتی عێراق کە وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدادەوە نییە.

لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا قائانی سەردانی بەغدادی کرد و دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی زنجیرەیەک هێرشی یەک لەدوای یەک باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی وڵاتانی بیانی و باڵەخانەکانی حکومەتی لە بەغداد کردە ئامانج.

ئەمە سێیەم سەردانی قائانییە بۆ بەغداد لەدوای دەستبەکاربوونی لە شوێنی قاسم سلێمانی  کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە بەغداد کوژرا لەسەرەتای ئەمساڵدا و قائانی وەک جێگرەوەی بوو بە فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بۆئەوەدەکەن یەکەم سەردانی قائانی کە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بۆ لای مستەفا کازمی لە چوارچێوەی سەردانەکانی بووە بۆلای کەسایەتییەکانی نزیک لە ئێران.

ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران بەرپرسیارە لە هەر هێرشێک بۆ سەر نوێنەرایەتیی و کەسانی ئەمریکی لە عێراق لە دەوروبەری ساڵیادی کوژرانی قاسم سلێمانیدا.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە موشەکیەی لە ڕۆژی یەکشەممەدا کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد گەورەترین هێرشی موشەکی بوو لە داوی ساڵی 2010 و ژمارەی موشەکە ئاڕاستەکراوەکان 21 موشەک بوون.

ئاشکراشیکرد، “ئەو گروپانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەکەن ئامانج لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ئەوانە لە دەرەوەی یاسان چونکە لە بنەڕەتدا کار بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکەن، هەروەها خیانەت لە سەروەریی عێراق دەکەن”.

وتیشی، “ئێران بەرپرسیارە لە کوژرانی هەر ئەمریکییەک لە ئەنجامی چالاکییەکانی ئەم گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووانە کە ئێران پاڵپشتییان دەکات”.

 

بابەتی پێشتر

ئایا نەخۆشیی گەڕی لە پارێزگای سلێمانی بڵاوبۆتەوە؟

بابەتی دواتر

نوسراوێك.. دەستگیركراوەكەی عەسائیب ڕادەستی حەشدی شەعبی كرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share