دوای تێپەڕبوونی دوو رۆژ بەسەر دەستگیركردنیدا، ئیسلام كەشانی ئازادكرا.
ئیسلام کەشانی، بەرپرسی نوسینگەی کەناڵی سپێدەی یەکگرتووی ئیسلامی لە زاخۆ و كادری ئەو حزبە، پێنجشەممەی رابردوو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی زاخۆوە دەستگیركرا و، بەیانیی ئەمڕۆ بە كەفالەت ئازادكرا.
دوێنێ ئاسایشی زاخۆ لە روونکردنەوەیەکدا هۆكاری دەستگیركردنەكەی بۆ بوونی پەیوەندی بە پەكەكە-وە گەڕاندەوە.
لەسەر دەستگیركردنەكە کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) کە بارەگاكەی لە نیویۆركە لە راپۆرتێكدا رایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی کورد دەستبەجێ و بەبێ مەرج، رۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی ئازادبکەن و هۆکاری دەستگیرکردنی و هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی ئاشکرابکەن.
راشیگەیاند، بەگوێرەی راپۆرتی كەناڵی سپێدە هێزەكانی ئاسایش لە زاخۆ ئیسلام کەشانی پێشکەشکار و بەرپرسی ئۆفیسی ناوخۆیی تەلەفزیۆنی سپێدەیان لە ماڵەکەی خۆی لە زاخۆ دەستگیرکرد. كۆمیتەكە دەشڵێت، “دەسەڵاتداران فەرمانی دەستگیرکردنی کەشانی-یان پێشکەشنەکرد و، دوای چەند کاتژمێرێکیش لە دەستبەسەرکردنی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی. تا رۆژی هەینی لە دەستبەسەری ئاسایشدا ماوەتەوە”.
رۆژێک پێش دەستگیرکردنی، لە پرۆگرامێكی تەلەفزیۆنیدا، كەشانی رەخنەی لە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی پرسی مووچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە گرت، هەروەها باسی لە خراپی بارودۆخی ژیانی هێزە ئەمنییە ناوخۆییەکان كرد، وەك ئەوەی CPJ دەیڵێت.
شەریف مەنسور، رێکخەری بەرنامەی CPJ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە واشنتۆن دی سی وتی:، “دەبێت دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق دەستبەجێ رۆژنامەنووس ئیسلام کەشانی ئازادبکەن و دڵنیابن لەوەی کە رۆژنامەنووسان لە تۆڵەی کارەکانیان دەستگیرنەکرێن و، رێگەیان پێبدەن بە ئازادی پرسەکانی بەرژەوەندیی گشتی رووماڵ بکەن”.