ناوەندێكی بۆرسەی عێراقی لە سلێمانی دەكرێتەوە كە یەكێك لە كارەكانی پێدانی قەرز دەبێت بە هاوڵاتییان.
ئەمڕۆ شاندێك كە پێكهاتبوو لە فەیسەڵ ئەلهەیمەس سەرۆکی دەستەی بازاڕی کاغەزە داراییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و ئەحمەدی حاجی عەلی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی میران و پرۆفیسۆر دکتۆر سەعد عەبدولقەهار بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیکردنی دامەزراندنی ناوەندی نێودەوڵەتیی بۆ دارایی و بازرگانیی لە سلێمانی، سەردانی پارێزگای سلێمانییان كرد.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، شاندەكە دەستپێشخەرییان كردووە بۆ ئەوەی بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان، سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی لە سلێمانی بكرێتەوە و، دەست بە كارەكانی بكات.
وتیشی، “یەكەم سەنتەری لەم شێوەیەیە لە هەموو عێراقدا، ئیشی ئەوە دەبێت، سەرمایەداران و سەرمایە بەیەكەوە كۆبكاتەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتی كار بڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی هانی پڕۆژە بچوك و مامناوەندەكان بدەن و پارەیان بۆ تەرخان بكرێت”.
پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ناوەندەكە گرنگ دەبێت و دەتوانێت سلێمانی بباتە قۆناغێكی گرنگی ئابورییەوە.