لە 16ی ئەیلول خوێندن دەستپێدەكات
زانكۆی سلێمانی بۆ ئەمساڵیش یەكپۆشی جێبەجێ ناكات

لۆگۆی زانكۆی سلێمانی

بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ساڵی نوێی خوێندن لە زانكۆی سلێمانی دەستپێبكات و یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ دەڵێت، بۆ ئەمساڵیش یەكپۆشیی خوێندكاران جێبەجێ ناكەن.

د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی زانكۆدا بڕیاردرا لە 16ی ئەیلولی داهاتوو ساڵی نوێی خوێندن لە زانكۆ دەستپێبكات.

بڕیارەكە قۆناغەكانی دوو تا شەشی سەرجەم كۆلێجەكانی زانكۆ دەگرێتەوە، وەك ئەوەی پێشڕەو حەمەجان وتی و روونیشیكردەوە، سەبارەت بە خوێندكارانی قۆناغی یەكەم دەكەوێتەسەر یەكلابوونەوەی ئەنجامی زانكۆلاین كە پێشبینی دەكرێت بكەوێتە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتووەوە.

دووشەممەی رابردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، پرۆسەى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان لە 1ی ئەیلول بـەدواوە بەپێى ساڵنامەى زانکۆیی زانکۆکان، بە پلان و بەرنامەى گونجاو دەستپێدەکاتەوە.

ساڵی رابردوو زانكۆی سلێمانی راپرسییەكی لەنێو خوێندكاراندا ئەنجامدا بۆ پەیڕەوكردنی یەكپۆشی، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ باسی لەوەكرد، بەپێی ئەنجامی راپرسییەكە زۆرینەی خوێندكاران پاڵپشتییان بۆ پەكپۆشی خستەڕوو، بەڵام نەیانخستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وتیشی، “بۆ ئەمساڵیش بەهەمان شێوە نایخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، بەهۆی ئەوەی بارودۆخی دارایی و مووچە و دەرماڵە بە لەبار و گونجاو نازانین بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە” ئەوەشی وت، “رەچاوی ئەوەمان كردووە، خوێندكار گرفتی دەرماڵەی هەیە، خەڵك كێشەی مووچەی هەیە و ناتوانین فشار لە خوێندكار بكەین بۆ جێبەجێكردنی”.

بابەتی پێشتر

وەزیرانی دەرەوە و وزەی توركیا لە هەولێرن

بابەتی دواتر

یەكێك لە كارەكانی پێدانی قەرز دەبێت<br> ناوەندێكی بۆرسەی عێراقی لە سلێمانی دەكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share