بڕیارێكی نوێ بۆ گەشتكردن بۆ ئێران دەركرا

بڕیاردرا بۆ لەمەوبەدوا هاوڵاتییان بۆ ماوەی یەك ساڵ بە ئوتۆمبێلی تایبەتی خۆیان و بارهەڵگر و هەموو جۆرە ئۆتومبێلێك هاتوچۆ و گەشت بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بكەن.

بەپێی راگەیەندراوێكی پارێزگای هەولێر كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، دوا بە دوای لێكتێگەیشتن و رێككەوتنامەكانی دوو ساڵی رابردوو كە جموجۆڵی بازرگانی و ئابوری و ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان و گەشتیارانی هەردوولا لە خاڵی سنووریی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران- تەمەرچین و زۆربەی خاڵەكانی هەردوو رێككەوتنامە جێبەجێكراوە و خاڵێكی دیكەی ئەو رێككەوتننامەیە كە خواست و داواكاری پارێزگای هەولێربووە، لە پێناوی خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتییان و پێشكەشكردنی كارئاسانی بۆ گەشتكردن و هاتوچۆیان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردان بكەن خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەردوولا لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ڕێككەوتن، هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر و هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەرگرتنی كارتێكی تایبەت “دەفتەرچە” كە یەكجار مامەڵەی وەرگرتنی دەكرێت و بە نرخێكی كەمی دیاریكراو ئەو كارتە وەردەگرن، دەتوانن بۆ ماوەی یەك ساڵ بە ئۆتومبێلی تایبەت بە خۆیان و بارهەڵگر و هەموو جۆرە ئۆتومبێلێكی دیكە هاتوچۆ و گەشت بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران بكەن.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوەن لە ئێستادا میكانزمی سەرجەم ئەو رێكار و ڕێوشوێنانەی تایبەتن بەو پرسە دانراوە و یەكلاییكراوەتەوە لە ماوەیەكی نزیكی داهاتووشدا بەپێی ڕێكار و ڕێنماییە بەركارەكانی هەردوو وڵات دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە هەرێم كۆبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share