ژنێک لە نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوودا منداڵدانی خۆی بەخشییە خوشکەکەی کە منداڵی نەدەبوو

یەکەم چاندنی منداڵدان لە بەریتانیا بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا، دوای ئەوەی ژنێکی تەمەن 40 ساڵ منداڵدانی خۆی بەخشییە خوشکەکەی، نەشتەرگەرییەکە زیاتر لە نۆ کاتژمێری خایاند.

رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو ژنەی منداڵدانی خوشکەکەی وەرگرتووە، نەیویستووە ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات، دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی شوباتدا لە نەخۆشخانەی چەرچڵ لە ئۆکسفۆرد ئەو نەشتەرگەرییە سەرکەوتووەی بۆ کراوە.

ئەو خوشکە خێرخوازە دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە بەخشین بە خوشکەکەی، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو کارەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دوو منداڵی بووە و نەیویستووە منداڵی دیکەی ببێت.

یەکێک لە پزیشکە سەرەکییەکانی نەشتەرگەرییەکە، ڕیچارد سمیس، وتی ئەزموونەکە “بەتەواوی سەرسوڕهێنەرە”، روونیکردەوە کە نەشتەرگەرییەکە “سەرکەوتنێکی گەورەی” بەدەستهێناوە و پلانەکانی IVF “لە ڕێڕەوی خۆیاندان”.

سمیس، پزیشکی ڕاوێژکاری نەشتەرگەری ئافرەتان لە کۆلێژی ئیمپریال لەندەن، وتی، “ئەوە سەرسوڕهێنەر بوو، پێموایە رەنگە ئەوە سترێسترین هەفتە بووبێت لە ژیانی نەشتەرگەریمدا، بەڵام بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو ئەرێنی بووە، هەردوو بەخشەر و وەرگر زۆر دڵخۆشن”.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، “بەڕاستی دڵخۆش بووم، چونکە بەخشەرەکە بەتەواوی ئاسایی بووەتەوە دوای نەشتەرگەرییەکە”.

هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە “وەرگرەکە، دوای ئەو نەشتەرگەرییە گەورەیەی کە بۆی کراوە، لە چارەسەری سەرکوتکەری بەرگریدا کارەکانی باشە و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی منداڵبوونی دەکات”.

بابەتی پێشتر

ئەندامێکی لیژنەى باڵای پێوەرى زیرەک: نرخی کارەبا ناگۆڕێت وەک خۆی دەبێت

بابەتی دواتر

یوسف گۆران: بڕیاردان بۆ کۆنگرەی یەکێتی بوێرانە و مێژووییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share