ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر دۆسیەی نەوت كراوە مافی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانە هاوشێوەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەنزینیان بە نرخی 450 دینار بۆ دابینبكرێت.
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا پێشنیازكرابوو باج لەسەر سووتەمەنی دابنرێت، بەڵام لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا بە تێكرای دەنگ ئەو پێشنیازە رەتكرایەوە.
ئاشكراشیكرد، عێراق بەنزینی نۆڕماڵ بە 450 دینار دەداتە شۆفێران و زەرەرناكات، بەڵام لە هەرێم یەك لیتر بەنزینی نۆڕماڵ دوو بۆ سێ هێندەی عێراقە نرخەكەی، لەكاتێكدا بەشێكی پاڵاوگەكانی هەرێم بەنزین بۆ عێراق دابیندەكەن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئێستا كە رێككەوتن لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان كراوە هیچ جیاوازییەك لە نێوان هاوڵاتییەكی هەرێم و پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا نییە و دەبێت كار رێككەوتنەكانی هەرێم و بەغداد بكرێت و بەنزین بە نرخی 450 دینار بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دابینبكرێت.
وتیشی، “دەتوانرێت لەم قۆناغەدا رێژەیەك بنێردرێت كە كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخەكەی لە هەرێمی كوردستان دەبێت”.