وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم لەگەڵ شاندێكی باڵای دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و رایگەیاند، “بەردەوام دەرگای وەزارەتیان كراوەیە بۆ وردبینی لە داتاو زانیارییەكان”.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری دارایی هەرێم پێشوازی لە شاندێكی باڵای دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزیری دارایی خۆشحاڵی خۆی بەو پەیوەندی و هەماهەنگییە دەربڕی كە ماوەی دوو ساڵە لە نێوان دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە و ڕایگەیاند، “دەرگای وەزارەت و دام و دەزگاكانمان كراوەیە بە ڕووی تیمەكانی چاودێریی دارایی بۆ وردبینی و بەدواداچوونی هەر داتاو زانیارییەك لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن تیمەكانی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەشكراون”.