کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، هەرێم دەتوانێت پابەندی بڕیاری قەدەغەکردنی تێلیگرام نەبێت.
کاروان یاروەیس ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “بڕیاری قەدەغەکردنی تێلیگرام کە لەلایەن وەزارەتی گەیاندنی عێراقەوە دەرچووە پابەندیی بۆ هەرێم نییە، واتە هەرێم دەتوانێت پابەندنەبێت پێیەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “وەزارەت کە بڕیارەکەی داوە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئاگادارنەکردووەتەوە، پێشتر بە شێوەی گشتیی پێیان وتووین کە بە نیازن هەندێک لە ماڵپەڕە نەشیاوەکان دابخەن، بەڵام تایبەت بە بڕیارەکەی تێلیگرام ئاگاداریان نەکردووینەتەوە”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ بەغداد بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن.