لقی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایدەگەیەنێت، لە یەکەم رۆژی دەستکردن بە پرۆسەی دەرهێنانی کارتی سەرجەم رۆژانی هەفتە لە ناوەندەکان و لە رێگەی تیمە گەڕۆکەکانەوە کاریان کردووە.
لە روونکردنەوەکەی لقی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا هاتووە، “لە ئێستادا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە قۆناغی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەراندایە، هاوکات ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانیش هەر لە یەکەم رۆژی ئەو پرۆسەیەوە لەرێگای کارمەندانی ناوەندەکانییەوە خۆنەویستانە سەرجەم رۆژانی هەفتە بە پشووی فەرمی و هەینی و شەممەوە لەکاتژمێر 8:00ی بەیانی تا 3:00 ی عەسر کاری بۆ هاوڵاتییانی دەنگدەر کردووە، چ لەناو ناوەندەکانی تۆمارکردنەوە کە ژمارەیان 79 ناوەندی تۆمارکردنە لەتەواوی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان یاخود لە رێگای تیمە جێگیر و گەڕۆکەکانییەوە”.
لە بەشێكی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ کەناڵێک و پەیجەکانی کەوتونەتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە کە گوایە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی نایەوێت هاوڵاتییان و گەنجان کارتی بایۆمەتری دەربهێنن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی تیمی گەڕۆکی نییە و کار ناکەن لەسەر تازەکردنەوەی کارتی بایۆمەتری و سەرجەم ئەم قسانەشی داوەتە پاڵ “چاوگێک لەکۆمسیۆن”، ئێمە وەک ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی سەرجەمی ئەم تۆمەتانە رەتدەکەینەوە و بە کارێکی دوور لەئێتیکی رۆژنامەوانی لەقەڵەمدەدەین، چونکە کەناڵەکە و پەیجەکانی جگە لەوەی ناوی سەرچاوەکەیان نەبردووە، بەهیچ جۆرێکیش نەهاتوون بەشێوەی فەرمی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن”.
کۆمسیۆن لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا ئاشکرایکردووە، داتاو زانیارییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەیسەلمێنێت کە ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی لە ریزی پێشەوەی پارێزگاکانی عێراقە لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و مکوڕە لەسەر زۆرترین خزمەت بەهاوڵاتییان و دەنگدەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە رێگەی تۆمارکردنی بایۆمەتری و دابەشکردنەوەی کارتی بایۆمەتری دەنگدان.