عێراق و هەرێمی کوردستان دەرمانێکی هیندیی ژەهراوییان لە دەرمانخانەکاندا کشاندەوە

هەریەکە لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵمەتی کشاندنەوەی جۆرێکی دەرمانی پزیشکییان لە دەرمانخانەکاندا دەستپێکردووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەو دەرمانە ژەهراوییە.

ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری کۆچەر یونس بەرپرسی تۆمارکردن لە دەزگای چاودێریی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، پرۆسەی کشانەوەی ئەو جۆرە دەرمانە هیندییە لە سەرتاسەری وڵات دەستیپێکردووە، هەڵمەتەکە لە هەرێمی کوردستان لە 30ی تەمموزەوە دەستپێدەکات.

راشیگەیاند کە بە بڕیارێک کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی ناوەندەوە دەرچووە و فەرمانی بە دەرمانخانەکانی سەرتاسەری وڵات کردووە بەرهەمەکە بکشێننەوە هەڵمەتەکە دەستیپێکردووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا هیچ نەخۆشییەک لە ئەنجامی خواردنی دەرمانەکەوە تۆمار نەکراوە.

ئەو بەرپرسەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەرمانەکە پێشتر رەزامەندیی وەرگرتووە بۆئەوەی هاوردە بکرێت، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی عێراق رەتیدەکاتەوە.

بلومبێرگ هەفتەی رابردوو بڵاویکردەوە، نمونەیەکی جۆری دەرمانی کۆڵد ئاوت “cold – out” کە لە مانگی ئازاردا لە بەغدا کڕدرابوو، لە پشکنینەکاندا دەرکەوت ئاستی ناپارێزراوی ئیتیلین گلایکۆلی تێدایە کە توێنەرێکی ژەهراویی پیشەسازییە.

نمونەکە یەکێک بوو لەو 33 نمونەیەی دەرمانەکە کە بلومبێرگ لە شەش وڵاتی جیاوازەوە کڕیبووی و لەلایەن کۆمپانیای Valisher LLC کە کۆمپانیایەکی سەربەخۆی تاقیکردنەوەی ئەمریکییە تاقیکرایەوە، ئەنجامەکان ژەهراوی بوونی ئەو دەرمانەیان بە ماددەیەکی کیمیایی ناپارێزراو دەرخست.

ئەمە پێنجەمین جارە لە ماوەی ساڵێکدا کە پشکنینێک ئاشکرای دەکات کە دەرمانی کۆمپانیایەکی هەناردەکاری هیندستان رێژەیەکی زۆر لە ئیتیلین گلایکۆڵی تێدایە.

ئەم ماددە کیمیاییە بەرپرسە لە مردنی بەکۆمەڵی ئەو منداڵانەی کە ساڵی رابردوو لە گامبیا و ئۆزبەکستان شرووبی کۆکە دروستکراوی هیندستانیان خواردبووەوە.

بابەتی پێشتر

میكانیزمەكانی هەرزانكردنی نرخی بەنزین راگەیەندرا

بابەتی دواتر

نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدی كوردانی ئێزدی تێدەپەڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share