چاوەڕواننەکراو.. ڕاهێنەری پاریس سانت جێرمان دووردەخرێتەوە

تۆماس توخێل لە پۆستی ڕاهێنەری پاریس سانت جێرمان دووردەخرێتەوە

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، چەند سەرچاوەیەکی ناودار ئاماژەیان بە دوورخستنەوەی تۆماس توخێلی ڕاهێنەری ئەڵمانی لە پۆستی ڕاهێنەری یانەی پاریس سانت جێرمان کردووە.

ڕۆژنامەی بێلد سپۆرتی ئەڵمانی پاڵپشت بە زانیارییەکانی ڕۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، دوای بردنەوەی پاریس سانت جێرمان بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێوڵام بەرانبەر یانەی ستراسبۆرگ، ئیدارەی یانە فەرەنسیەکە لەگەڵ ڕاهێنەرە ئەڵمانیەکەیان کۆبوونەوەیان کردووە و بە ڕەزامەندی هەردوو جەمسەرەکە بۆندی نێوانیان کۆتایی پێهێنراوە.

بەپێی هەردوو سەرچاوە ناودارەکە، تاوەکو ئێستا پاریس سانت جێرمان لەم بارەیەوە ڕاگەیانراوی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە، چاوەڕواندەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بڕیارەکە بەفەرمی بکرێت.

پاریس لەم وەرزەدا 17 یاری لە خولی فەرەنسا ئەنجامداوە، 11 بردنەوە و دوو یەکسانبوون و چوار دۆڕاندنیان تۆمارکردووە، لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا گەیشتوونەتە قۆناغی 16، بەڵام لە قۆناغی کۆمەڵەکان بەرانبەر یانەکانی لایپزیچ و مانچستەر یونایتد دووچاری ئاستەنگی بوونەتەوە.

ناسڕ خلێفی خاوەنی پاریس سانت جێرمان خەونی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانە، بەڵام توخێل بەهۆی بوونی کێشە لەگەڵ سەرۆکایەتی و چەندین کەسایەتی دیکەی ناوخۆیی نەیتوانیوە لەم وەرزە و وەرزی ڕابردوو ئامانجەکانی بپێکێت.

ڕۆژنامەکانی ئەوروپا پێیان وایە، لە ئەگەری دوورخستنەوەی توخێل، یەکێک لە ماوریسیۆ پۆچتینۆ یاخود ماسمیلیانۆ ئالێگری جێگەی دەگرنەوە.

بابەتی پێشتر

سەردەمی باڵادەستی کۆتاییهات؟ یوڤانتۆس کەوتووەتە دوای زەبەلاحەکانی میلان

بابەتی دواتر

"جێگرەوەكەی سولەیمانی سەردانی عێراقی كردووە"

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ناپۆلی چاوەڕێی کۆنتییە

دی لۆرێنتس بڕیاری کۆتایی لەسەر دەرکردنی ڕۆدی گارسیای ڕاهێنەر داوە پێیوایە تیپەکەى لە ژێر دەستی گارسیا خراپ دەردەکەوێت…
Total
0
Share