وەزیری ناوخۆ: چەندین پلانی سەر نێردە دیپلۆماتییەكانمان پوچەڵكردوەتەوە

هێزە ئەمنییەكان لە ناوچە جیاوازەكانی بەغداد بڵاوەیان پێكراوە

وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت كار لەسەر پلانێكی ئەمنیی سەربازی دەكەن بۆ ڕێگری لە بەئامانجگرتنی ناوچەی سەوز و دەشڵێت، چەند پلانیان بۆ هێرشكردنەسەر ناوچەكەیان پوچەڵكردوەتەوە.

عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی كانونی یەكەم وتی، وەزارەتەكەی كار لەگەڵ نێردە دیپلۆماتییەكانی بەغداد دەكات بۆ پاراستنیان و هەماهەنگییان لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و ناتۆ هەیە بۆ شوێنكەوتنی “تیرۆرستان”.

غانمی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی (ئەلعەرەبییە) وتیشی، یەكێك لەو كەسانەی موشەكیان ئاراستەی باڵیۆزخانەی بەغداد كردووە دەستگیركردووە.

وەزیری ناوخۆ باسی لەوەشكرد كە سنووری عێراق لەگەڵ سوریا بەڕێژەی 90% سەقامگیرە و، سەبارەت بە شەنگال-یش ئاماژەی بەوەكرد كە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی حكومەتی ناوەند “بەشێوەیەكی باش” بەڕێوەدەچێت.

شەوی یەكشەممەی ڕابردوو 20ی كانونی یەكەم، هەشت موشەك ناوچەی سەوزیان كردە ئامانج، كە بە هەستیارترین و پارێزراوترن ناوچەی بەغدادی پایتەخت دادەنرێت.

دوابەدوای هێرشەكەش سوپای عێراق گروپە “یاخیبووەكان لە یاسا”ی تۆمەتباركرد، بەرپرسانی ئەمریكاش لە باڵیۆزخانەكە ئاشكرایانكرد، وێڕای نەبوونی زیانی گیانی، بەڵام تەلارەكانی ئەو ناوچەیە زیانیان پێگەیشتووە.

بابەتی پێشتر

زۆر دەگمەنە.. ژنێك بە دوو منداڵدان سیانەیەكی دەبێت

بابەتی دواتر

مافی مرۆڤی عێراق: ئەو ئەمریکییانەی چەند عێراقییەکیان کوشتبوو لێخۆشبوون نایانگرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share