گوندۆگان: چاڤی و گواردیۆلا هەمان قوتابخانەن و ئیشی من ئاسانە

ئیلکای گوندۆگان، ئەستێرەی نوێی یانەی بەرشلۆنە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی “موندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی کەتەلۆنی ئەنجامدەدات.

ئەستێرەکەی ئەڵمانیا لەبارەی چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە یانەی بەرشلۆنە وەڵام دەداتەوە، ئەمەش کورتەیەکە لە وەڵامەکانی.

 

“دوای هەوکردنی گەدەم، ئێستا هەست بە باشبوون دەکەم.”

 

“هیوادارم هەمووان بۆ یارییەکەی ئارسیناڵ ئامادەبن، چونکە گرنگە داینەمیکیەتی یاریکردن وەربگرینەوە و لەگەڵ یەکتر ڕابێین.”

 

“بەیانی هەستاین لە خەو، چەندین یاریزانمان نەیانتوانی لە ژوورەکانیان بێنەخوارەوە، پێشتر دەمانزانی هەندێکیان ناساغن، بەڵام نائاسایی بوو لە یەک کاتدا زۆرینەمان نەخۆشکەوتین، هەندێکمان چاکبووینەتەوە و هەندێکیشمان چارەسەر وەردەگرن، لەو کاتەدا یاریکردنمان لە یارییە دۆستانەکاندا مەحاڵ بوو.”

 

“بەهیوای ئەوەم هەمووان بەم زووانە چاکببنەوە، زۆر متمانەمان بەخۆمانە و ڕووبەڕووی ئارسیناڵ دەبینەوە، مکوڕم لەسەرئەوەی دەبێت بە باشترین شێوە ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ بکەین.”

 

“من یاریزانێکی نەرمم، دەتوانم هەر ڕۆڵێک وەربگرم و جیاوازیش دروستبکەم، لە مان سیتی ڕۆڵم لە ناوەندی یاریگا، پێگەی 10 و باڵەکاندا بینیوە، تەنانەت وەک هێرشبەریی نادیاریش یاریم کردووە، ڕاهێنەر ئەو تایبەتمەندییەی منی بەرز نرخاندووە.”

 

“پێشتر زۆربەی یاریزانانی بەرشلۆنەم دەناسی، بەڵام پێدری لە هەمووان زیاتر سەرسامی کردم، توانا و بەهرەیەکی ناوازەی هەیە و لە نزیکی یەکترەوە یاری دەکەین، بە هەمانشێوە دی یۆنگ، پێویستە بە باشترین شێوە خۆمان بگونجێنین.”

 

“چاڤی و گواردیۆلا هەمان قوتابخانەن، بە ڕوونی دیارە کە گواردیۆلا کاریگەریی لەسەر چاڤی هەبووە، هەمان ستایلی کۆنتڕۆڵکردن، لەدەستنەدانی تۆپ، هەوڵدان بۆ بونیادنانی هێرشەکان و یاریکردنی ژیرانە و دۆزینەوەی مەوداکان، زۆرێک لەوەی لێرە دەیکەین هاوشێوەی ئەوەیە کە لە سیتی دەمکرد، ئەوەش کاری منی ئاسان کردووە.”

 

“پێپ گواردیۆلا بلیمەتە، یۆرگن کلۆپ ڕاهێنەری چڕی-یە، تۆماس توخێلیش هۆشمەندە.”

 

“پێموایە کێبڕکێی باڵۆن دۆر لەنێوان مێسی و هالاندە، کەسی تر لە نزیکیان نابینم، هەردووکیان وەرزێکی نایابیان بەڕێکرد و ناسناویان بەدەستهێنا، خۆشحاڵم من بڕیار لە براوەی نێوانیان نادەم، چونکە هەردووکیان بە شایستە دەزانم.”

 

“لەسەر کاغەز ڕیاڵ مەدرید ڕکابەری سەرەکیمانە بۆ ناسناوی لالیگا، بەڵام پێویستە ئەزموونی خولەکە بکەم، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ هاورێکانم قسەم کردووە، خشتەیەکی قورسی یاریکردن چاوەڕێمان دەکات و دڵنیام وەرزێکی پڕ لە کێبڕکێ و بەهێز دەبێت.”

 

“هاوڕێکانم دەڵێن یاریگای سێڵتا ڤیگۆ چەند ساڵێکە زۆر قورسە بۆیان، بە هەمانشێوە رایۆ ڤایکانۆ، ئەو جۆرە یارییانە ڕەنگە بیری لێنەکەیتەوە، بەڵام بێگومان بردنەوەیان زۆر قورسە.”

 

“هیچ نیگەران نابم ئەگەر ڕیاڵ مەدرید مباپێ بکڕێت، چونکە حەزم بە کێبڕکێکردنی باشترینەکانە، ڕیاڵ مەدرید تیپێکی بەهێزی هەیە و چەند ساڵێک لە چامپیۆنزلیگ ڕووبەڕوویانبوومەتەوە و بەرامبەریان ڕاهاتووم.”

 

“زەحمەتە بە وشەیەک پێناسەی لیڤاندۆڤسکی بکرێت، یاریزانێکی جیهانیی گەورەیە، بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو ئەزموونی کردووە، ئەو لە ترۆپکدایە، بەڵام هالاند لە سەرەتادایە، ئەویش بە هەمانشێوە گۆڵکارێکی ناوازەیە و لە ڕووی جەستەییەوە زۆر بەهێزە، زەحمەتە بە وشەیەک بتوانم پێناسەیان بکەم.”

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید "ڕیسک" بە ئاردا گولەرەوە ناکات

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەوڵەکانی یەکێتی بۆ گەیشتن بە رێکەوتنی یەکجارەکی بەردەوام دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share