كاروان یاروەیس: كۆششە سیاسییەكانی سەرۆك بافڵ هاندەر دەبێت بۆ ناردنی مووچە و چارەسەری گرفتەكان

پەرلەمانتارێكی كورد رایدەگەیەنێت، سەردان و كۆششە سیاسییەكانی سەرۆكی یەكێتی هاندەر دەبێت بۆ هاتنەپێشەوەی حكومەتی سودانی بۆ ناردنی پشكی هەرێم و چارەسەری گرفتەكان.

ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای یەكێتی سەردانێكی بۆ بەغداد ئەنجامدا و زنجیرەیەك دیداری لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و كاربەدەستانی سیاسی ئەنجامدا.

سەردانەكە بە یەكەم سەردانی دوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی جێبەجێكردنی دێت، بەتایبەت كە هێشتا پشكی هەرێم لە بودجەدا لە بەردەم چەند گرفت و ئاستەنگێكدایە.

كاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، سەردانەكە لەكاتێكدایە لە عێراق كۆمەڵێك پێشهاتی گەورە هەن، هەروەها لە گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەنددا، كێشەی تەكنیكی، گرفت و لەمپەڕ لە بەردەم ناردنی پشكی هەرێمدا لە ئارادان.

وتیشی، “ئەمە جگە لە ئامانجێكی سەرەكیی سەردانەكە هەوڵدانە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامە سیاسییەكان و لە نێوانیشاندا رێككەوتنی پێكهێنانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، كە سەبارەت بە كورد دەستبەركردنی پشكی هەرێم یەكێكە لە بنەماكانی”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە سەردانەكە “دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی جەختبكرێتەوە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنانە، بەتایبەت كە خەڵك دوو مانگە چاوەڕێی مووچە دەكات و مووچە نەدراوە”.

لەدوای كۆبوونەوەی سەرۆكی یەكێتی و شاندی یاوەری لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، میدیاكان بڵاویانكردەوە سودانی بەڵێنیداوە سبەی حكومەتی عێراق پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات.

كاروان یاروەیس ئەوەی خستەڕوو، پێشتر كە شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدادی كرد بۆ گفتوگۆكردن، یەكێتی بایكۆتی حكومەتی كردبوو و شاندەكە بەبێ ئەندامانی یەكێتی سەردانەكەی ئەنجامدا، ئەوكات سودانی رایگەیاندبوو كە بەلایەوە گرنگە یەكێتی وەك هێزێكی گەورە لە عێراق و هێزێكی سەرەكی لە هەرێم راوبۆچوونی هەبێت و بەشداربێت لە هەوڵەكانی چارەسەری كێشەكان و چۆنیەتی ناردنی پشكی هەرێم و جەختیكردبووە كە پێویستە شاندی حكومەت نوێنەرایەتی یەكێتی و پارتی بێت.

وتیشی، “بۆیە سەردانەكەی ئەمڕۆی سەرۆك بافڵ و شاندی یەكێتی گڕ و تینێك دەدات بە بەرێز سودانی و حكومەتی ناوەندی تا كارئاسانی بكەن و باشتر بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرن و، بەپێی هەموو پێشبینییەكان ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی سبەینێدا بڕیار لەبارەی ناردنی سولفەیەك دەدات تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران، تا ئەوكاتەی رێنمایی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەردەچێت”.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد، ناوبەناو شاندی باڵای یەكێتی بۆ قوڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان سەردانی بەغداد دەكات، ئەمەش كاریگەریی گەورەی دەبێت، چونكە یەكێتی لە رابردوو و ئێستا هەمیشە باوەڕی وابووە كە بەغداد میحوەرێكی گەورەیە و ناوەندی سەرەكییە بۆ چارەسەری كێشەكان و دەرئەنجامیش دەركەوت، سیاسەتی یەكێتی سیاسەتێكی راست بوو.

روونیشیكردەوە، “بەتایبەت ئەوەی بەدرێژایی یەك ساڵی رابردوو جەختی كردووەتەوە بەوەی لەڕێی گفتوگۆ و لەبەر رۆشنایی دەستوور، حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم كێشەكانیان چارەسەربكەن، بەتایبەتی كێشەی بودجە و بەشە پشكی هەرێم”.

بابەتی پێشتر

وتەبێژی بەنزیخانەكان: بەنزین گران و غاز هەرزان بوو

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ فایەق زێدان کۆبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share