رێكخراوی جاسەنە بۆ ئازادیی بیروڕا و میدیا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و هۆشداریدەدات و دەڵێت، “سەر لە نوێ حوكمدانی شێروان شێروانی ئاماژەیە بۆ قۆناغێكی مەترسیداری سەركوتكردن”.
لە راگەیەندراوی ئەو رێكخراوەدا هاتووە، ئەمڕۆ 20 ی تەمموزی 2023 جارێكی تر لەسەر داوایەكی نوێ كە ئەمجارە بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازیی گەورانی هەولێر تۆماریكردووە، دادگای هەولێر و لە رێگای هەمان دادوەری پێشووی كەیسەكەی شێروان شێروانی، حوكمێكی نوێی چوار ساڵەی بۆ ئەو رۆژنامەنووسە بە تۆمەتی “تەزویر” دەركرد، بەمەش لە ساڵی 2020ەوە بە دووجار حوكمی 10ساڵ زیندانیكردن بۆ ئەو رۆژنامەنووسە دەركراوە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، حوكمی ئەمجارەی دادگای هەولێر كە تۆمەتی “تەزویری” داوەتە پاڵ شێروان شێروانی گوایە پەنجەمۆری بۆ گوهدار زێباری هاوڕێی زیندانی لە كاتی بڕیاری ئازادكردنی بە مەرجدا بۆ كردووە”، ئەو تۆمەتە كە لەلایەن شێروان شێروانی و گوهداری زێباری هاوڕێیەشیەوە لەبەردەم دادوەردا بە توندی رەتكرایەوە، بەڵام دادگاكە سووربوو لەسەر دەركردنی حوكمێكی چوار ساڵەی نوێ بۆ شێروان شێروانی.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەك رێكخراوی (جاسەنە) بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا، هەر لە سەرەتای دەستگیركردنی شێروان شێروانی و دەیان چالاكوان و رۆژنامەنووسی دەڤەری بادینان لە ساڵی 2020ەوە تا ئەمڕۆ، هەموو ئەم دەستگیركردانانە بە گرتنێكی سیاسی دەزانین و، تاكە هۆكارێك بۆ دەستگیركردنی ئەو هاوڵاتییانە بە درێژایی چوار ساڵی رابردوو كە حوكمی جیاجیا دراون و لە زینداندا بوون، جیاوازیی بیروڕای سیاسییانە.
راشیدەگەیەنن، ئەو حزبە بە تایبەتی لە دەڤەری بادینان و هەولێر بۆ تۆڵە سەندنەوە و بێدەنگكردنی ئەو دەنگە جیاوازانە، دامودەزگای ئەمنی و حوكمی و دادگاكانیشی خستووەتە خزمەت حزبەكەیەوە تاوەكو تۆڵەیان لێبكاتەوە و بێدەنگیان بكات.
ئەم حوكمەی ئەمڕۆی دادگای هەولێریش، نەك هیچ مانایەك بۆ سەروەریی یاسا لە هەرێمی كوردستاندا ناهێڵێتەوە، هاوكات داكوتانی دوا بزمارە بەو پەراوێزە ئازادییە كەمەی كە لە كوردستاندا مابوو.
رێكخراوی جاسەنە هەست بە مەترسی خراپیی دۆخی ئازادیی بیروڕا و ئازادیی رۆژنامەگەری لە هەرێمدا دەكات و پێیووایە خەریكە بە تەواویی دۆخێكی مەترسیداری تاریكی دیكتاتۆریی باڵ بەسەر هەرێمدا دەكێشێت هەربۆیە داوا لە سەرجەم رێكخراوەكان و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و چالاكوانان دەكات كە لەم زوڵم و سەركوتكارییەی ئەم دەسەڵاتە نادیموكراسییە بێدەنگ نەبن.