بافڵ جەلال تاڵەبانی: دواجار لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا یەكێتی سەركەوتنی بەدەستهێنا

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی د. لەتیف ڕەشید سەرۆك كۆماری عێراق كرد و ڕایگەیاند، “دواجار لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبەكەی خۆتان سەركەوتنی بەدەستهێنا و سەرباری ھەموو پیلان و مەرامەكان نەتوانرا ئیرادەی تێكبشكێنرێت و سووربووە لەسەر ھەڵوێست و بڕیاری نیشتمانیی خۆی”.

سەرۆكی یەكێتی جەختیكردەوە، بەدەستھێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ھەڵبژاردنی د.لەتیف ڕەشید، سیاسەتمەدار و تێكۆشەری یەكێتی وەك سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ، سەركەوتنی ئیرادەی گەل، پڕۆسەی دیموكراسی و یەكێتی بوو. وێڕای پیرۆزبایی گەرمم لە بەڕێزیان، دڵنیام پشتبەستوو بە ڕابردوو، ڕۆڵی لە پرسە سیاسی و نیشتمانییەكان و بەشداری لە حوكمڕانی و كاری ڕێكخراوەیی، لەم ئەركە نوێ و چارەنووسسازەدا لە ڕاپەڕاندنی ئەركە نیشتمانی و دەستوورییەكان سەركەوتوو دەبێت.

لێرەوە بۆ ھەموولایەكی ڕووندەكەینەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك ھەمیشە پارێزەری مافی ھەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی وڵات دەبێت و لە سەنگەری پێشەوەی داكۆكی و بەرگری دەبین بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و پارێزگاریكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتیكردەوە، “لە هەوڵەكانمان بۆ پتەوكردنی تەبایی و یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان بەردەوامدەبین لەپێناو بەهێزتركردنی پێگەی هەرێم و خزمەتكردنی خەڵكە خۆشەویستەكەمان”.

لە پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتیدا هاتووە، دواجار گەلی كورد و عێراق لەم پرۆسە گرنگ و چارەنووسسازەدا سەركەوت. بە ھەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانمانەوە ھەر بۆچوونێكمان ھەبووبێت، یەك ئەركمان لەسەر شانە ئەویش پاراستنی یەكڕیزیی نێوماڵی كورد و یەك وتاریمانە لە ناوەند و دەمەوێت لە كۆتاییدا سوپاسی تیمی یەكێتی و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەم كە لەماوەی ڕابردوودا پاڵپشت و هاوكارمان بوون و هەروەها سوپاس بۆ هاوبەشەكانمان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەین.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ده‌وڵه‌تى یاسا: له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌ماندا گه‌وره‌ترین كوتله‌ ڕاده‌گه‌یه‌نین

ئه‌ندامێكى هاوپه‌یمانیی ده‌وڵه‌تى یاسا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ژماره‌ى كورسییه‌كانی چێوه‌ى ‏هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ 90 كورسی و له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌ماندا…
Total
0
Share