بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە كۆبووەوە

دیمەنێك لە كۆبوونەوەكە

هاوسەرۆكی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە ئەنجامدا و تیایدا ھەماھەنگی نێوان پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق و گەشەپێدانی ھێزی پێشمەرگە لەڕووی پڕچەکردنیان و مەشق و ڕاھێنان تاوتوێكرا.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە درێژەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی كانونی یەكەم لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای فەرماندەیی ھێزەکانی حەفتا و لێپرسراوانی میحوەرەكانی ھێزی پێشمەرگە کۆبووەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی هاوسەرۆكی یەكێتی بڵاویكردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ھەماھەنگی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان کرا، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و ڕێوشوێنەکانی ھاریکاری و، کاری ھاوبەش دیاریکران و تەئکید لە پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان لەو سنوورانە کرایەوە.

هەروەك بەوردی میکانیزمەکانی بەشداریی ھێزی پێشمەرگەی لە ژووری ھەماھەنگی و لیژنەی ھەماھەنگی ھێزە عێراقییەکان و ھەرێم ھەڵسەنگاند و چەند پێشنیارێکی گەڵاڵەکرد، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

ھاوکات جەخت لە بەردەوامی گەشەپێدانی ھێزی پێشمەرگە لەڕووی پڕچەکردنیان و مەشق و ڕاھێنان و پێداویستییە سەربازییەکان بە پشتیوانی ھێزی ھاوپەیمانان کرایەوە لەچوارچێوەی یاسای چاکسازی ھێزی پێشمەرگە.

لە كۆبوونەوەكەدا مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و مەحمود سەنگاوی، سەرپەرشتیاری ھێزەکانی حەفتا و جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگری پێشمەرگە و وەستا ڕەسوڵ، ڕاوێژکاری سەربازیی و سەرکەوت حەسەن، ڕاوێژکاری ئەمنی سەرۆکایەتیی یەکێتی و عەبدوڵا کانی بەردی، لێپرسراوی مەڵبەندی پێشمەرگە ئامادەیبوون.

بابەتی پێشتر

سەرچاوەیەك بۆ ئێستا: شەڕەتەقە لە بازگەی بانی مەقان ڕوینەداوە

بابەتی دواتر

مەترسیدارترین ئەو ڕوداوانەى لە 2020دا ڕویاندا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share