ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەدەر لە رێنماییە بانكییەكان بە شێوەی قاچاغ و نایاسایی ئەو كارت و ژمارە حسابییانە وەك ماستەر كارت و ڤیزە كارت و زین كاش بەكارهێنراون و لەئێستادا بە لێشاو ئەنجامدەدرێت كارێكی حەرامە.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم تێیدا هاتووە، “دوای ئەوەی چەندین هاوڵاتی و نووسینگەكانی حەواڵە پرسیاریان لە ئەنجومەنی باڵای فەتوا كرد سەبارەت بە گۆڕینەوەی دراوی عێراقی بە دۆلار لە رێگەی كارتی بانكی وەك ماستەركارت و ڤیزە كارت و زەین كاش و ئیف ئای بی و سوویچ و ئەی پی ئێچ و هتد”
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بە شێوەیەك هەندێك لە نووسینگەكانی حەواڵە یان بازرگانەكان چەند كارتێك بەناوی چەند هاوڵاتییەك دروستدەكەن و ڕەسید بە دیناری عێراقی و نرخی فەرمی دەخەنە ناو كارتەكانەوە و دەچن لە ئیمارات یان توركیا ئەو دینارە دەگۆڕنەوەی بە دۆلاری ئەمریكی بە نرخی حكومی، دۆلارەكە دەهێننەوە بۆ كوردستان بە نرخی ڕۆژ لە بازارەكانی كوردستان دەیفرۆشنەوە، یاخود لەو وڵاتانە كەسێكی نوێنەری خۆیان هەیە لە ئەكاونتەكەیانەوە ڕەسیدەكەیان بۆ دەگۆڕنەوە و بۆیان تەحویل دەكەن یان لەو وڵاتە بەشێوەیەكی ڕواڵەتی مۆبایل یان ئۆتۆمبێل یان هەر كاڵایەكی دیكەی پێدەكڕن، پاشان ئەو كاڵایانە هەر لەوێ دەفرۆشنەوە بە دۆلار پاشان دۆلارەكە دەهێننەوە بۆ كوردستان بە نرخی ڕۆژ دەیفرۆشنەوە، لە كاتێكدا كڕینی ئەو كاڵایانە ئامانجی سەرەكی نییە لە مامەڵەكەیاندا”.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا دوای راوێژكردن لەگەڵ خەڵكی تایبەتمەندی بازاڕ لەم بابەتە و گەڕاندنەوە بۆ سەرچاوەكانی فیقهی ئیسلامی و ڕەچاوكردنی مەبەستەكانی شەریعەت ئەم فەتوایەی راگەیاند:
ئەگەر بەشێوەیەكی كەسی و لەلایەن خاوەن كارت و ژمارە حسابیەكەوە بوو و راستەوخۆ ئەنجامدەدرا بە دراوێكی دیكە ئەوە هیچ گرفتێكی شەرعی نییە
بەپێی فەتواكە، “دروستكردنی كارتی بانكی و ژمارە حساب و پڕكردنەوەی بە ڕەسید بە هەر جۆرە دراوێك پاشان بەكارهێنانەوە و بەتاڵكردنەوەی لەناوخۆ یان لە هەر وڵاتێك ئەگەر بەشێوەیەكی كەسی و لەلایەن خاوەن كارت و ژمارە حسابیەكەوە بوو و راستەوخۆ ئەنجامدەدرا بە دراوێكی دیكە، لە ژێر مەرج و رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی وڵات و ئەو بانكە نا ڕیباییەدا بوو كە ئەو كارتە یان ژمارە حسابییەی لێكراوەتەوە ئەوە هیچ گرفتێكی شەرعی نییە”.
دەشڵێت، “ئەگەر بەدەر لە رێنماییە بانكییەكان بەشێوەی قاچاغ و نایاسایی ئەو كارت و ژمارە حسابیانە بەكارهێنران و وەك ئەوەی كە لەئێستادا بە لێشاو ئەنجامدەدرێت كە هەندێك لە بازرگانەكان كردوویانە بە پیشەیەكی بەردەوامی خۆیان كە لەگەڵ چەند هاوڵاتییەك ڕێكدەكەون و كارت و ژمارەی حسابییان بۆ دەكەنەوە لە یەكێك لەو بانكانەی كە سەكۆی ژمارەییان هەیە لە بانكی ناوەندی عێراقی و لەبەرامبەر بڕێك پارە كارتەكانی ئەوان بەكاردەهێنن و لەكوردستان ئەو بڕەی كە حكومەت ڕێگەی پێداوە پارە دادەنێن لەناویاندا و لە وڵاتی ئیمارات یان توركیا رەسیدەكەی ناویان دەگۆڕنەوە بە دۆلار بە نرخی فەرمی بانكی ناوەندی یان بە شێوەیەكی ڕواڵەتی مۆبایل یان كاڵایەكی پێدەكڕن پاشان ئەو كاڵایانە هەر لەوێ دەفرۆشنەوە بە دۆلار پاشان دۆلارەكە دەهێننەوە بۆ كوردستان بە نرخی ڕۆژ دەیفرۆشنەوە، ئەوە كارێكی حەرامە”.