ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوای نێوەندگیری لە نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوادەكات نەتەوەیەكگرتووەكان وەك لایەنی سێیەم لە دانوستاندنەكانی نێوان هەرێم و ناوەند بەشداربێت، بڕیاریشیدا وردەکارییەکانی دانوستان و دواهەڵوێستی بەرپرسانی بەغداد بخاتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، هەروەك پشووی ڕۆژانی سەری ساڵی دیاریكرد.

ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی كانونی یەكەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ئەنجومەنی وەزیران، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کرد کە بۆ ماوەی دوو هەفتە لە بەغداد بوون و چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵی ئەنجامدا.

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم هیچ بیانویەکی بۆ حکومەتی فیدراڵی نەهێشتووەتەوە و لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێکردووە لەپێناو چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابینبکات. جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین. وتیشی “بەداخەوە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکان، کراوەتە کارتێکی فشاری سیاسیی لە دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان”. وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

سەرۆکوەزیران داواشیکرد کە نەتەوەیەکگرتووەکان، وەک لایەنی سێیەم لەمەودوا بەشداربێت لە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و ناوەند بۆ ئەوەی ماف و ئەرکەکانی هەر لایەک دیاربێت.

لای خۆیانەوە شاندی دانوستانكاری هەرێمی کوردستان، دە‌رئە‌نجامی سە‌ردانە‌كە‌یان بۆ بە‌غدا خستە‌ڕوو و ڕایانگە‌یاند، ھۆكاری سە‌ردانە‌كە‌یان لە‌پێناو بە‌دە‌ستھێنانی شایستە‌ داراییە‌كانی خە‌ڵكی هەرێمی كوردستان و مووچە‌خۆران بوو. ھە‌روە‌ھا باسیان لە‌چۆنییە‌تی ڕێككە‌وتن لە‌سە‌ر پشكی ھە‌رێم لە‌ پرۆژە‌یاسای بودجە‌ی 2021 كرد كە‌ ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانی عێراق دواتر پە‌سە‌ندیكرد. ئاماژەشیان بە ناوە‌ڕۆكی گفتوگۆكانیان كرد لە‌سە‌ر جێبە‌جێكردنی یاسای پڕكردنە‌وە‌ی كورتھێنانی دارایی. شاندە‌كە‌ ئە‌وە‌یان دووپاتكردە‌ووە‌ كە‌ سە‌ردانیان بۆ بە‌غداد بە‌مە‌بە‌ستی جێبە‌جێكردنی یاساكە‌ بوو نە‌ك دانوستاندن لە‌سە‌ری، ئە‌و مە‌رجانە‌ی لە‌سە‌ر ھە‌رێمی كوردستان بوون لە‌لایە‌ن ھە‌رێمە‌وە‌ جێبە‌جێ كراون و ھیچ ھۆكارێك نە‌ماوە‌ بۆ تە‌مویل نە‌كردنی ھە‌رێمی كوردستان. بۆیە ئەنجومەنی وەزیران، جە‌ختی كردە‌وە‌ كە‌ پێویستە‌ حكومە‌تی فیدراڵ، بە‌زووترین كات پشكی ھە‌رێم بە‌پێی یاساكە‌ بنێرێت.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بڕیاریدا وردەکارییەکانی دانوستان و دوا هەڵوێستی بەرپرسانی بەغداد بەرامبەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم، بخاتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و ڕای گشتی هەرێم.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان پێشبینی و بەرچاوڕوونیی پێویستیان سەبارەت بە داهات و خەرجی و کورتهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی 2021 و ئامادەکارییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی پێویست بۆ ڕێکخستنەوەی خەرجی و باج و داهاتەکانی هەرێمی کوردستان خرانەڕوو.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران دۆخی پەتای کۆرۆنا و جۆری نوێی ڤایرۆسەکەی لە هەرێمی کوردستان تاووتوێکرد و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەمبارەیەوە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان لە شوێنە گشتییەکان و کەرتی تایبەت و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تووندتر بکرێن.

ئەنجومەنی وەزیران بەبۆنەی جەژنەکانی لە دایکبوون (کریسمس) و سەری ساڵیی نوێ، سەرەڕای پیرۆزبایی بەو بۆنەیەوە، بڕیاریدا ڕۆژانی 12/27 تا 2021/1/2 پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم.

بابەتی پێشتر

مێسی: هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم

بابەتی دواتر

ژەهرخوارد کراوە؟ ئەنجامی پشکنینەکانی مارادۆنا ئاشکرابوو..

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share