عێراق بە سێ یاریگاوە بەڵێنی ڕێکخستنی جامی “خلیجی 25” دەدات

عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بەڵێنی ڕێکخستنی باشترین جامی کەنداو دەدات

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دۆسییەی خۆی پێشکەشی یەکێتی تۆپی پێی کەنداوی عەرەبی کردووە و چاوەڕوانی لیژنەیەکە بۆ سەردانیکردنی یاریگا وەرزشییەکانی شاری بەسڕە.

بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانی ڕێکخستنی جامی کەنداوی ژمارە 25، فیدراسیۆنی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا دۆسییەی خۆی پێشکەشی یەکێتی تۆپی پێی کەنداوی عەرەبی کردووە، کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوو سازبکرێت.

لەم بارەیەوە وەزیری وەرزش و لاوان، عەدنان درجال بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ” عێراق بەوپەری ئامادەباشی و ئاست بەرزییەوە دۆسییەی خۆی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ڕێکخستنی خلیجی 25 پێشکەشکردووە، برایان لە تۆپی پێی کەنداو لیژنەیەکیان پێکهێناوە و بڕیارە سەردانی وڵاتەکەمان بکەن و پشکنین بۆ یاریگا و بونیادی وەرزشی شاری وەرزشی بەسڕە بکەن”.

هەروەها ڕایگەیاندووە، ” شاری بەسڕە خاوەنی یاریگا و بونیادی وەرزشی تۆکمەیە، سێ یاریگامان تەرخانکردووە کە پێکهاتوون لە یاریگای بەسڕە، 65 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت، یاریگای فەیحا کە 10 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت، هەروەها یاریگای ئۆڵۆمپی مینا کە بەم نزیکانە ئامادەدەبێت و 30 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت و یەکێک دەبێت لە باشترین یاریگاکان لەڕووی دیزاین و کۆکردنەوەی هاندەرانەوە”.

وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بەڵێنی بە یەکێتی تۆپی پێی کەنداوداوە، بە باشترین شێوە پێداویستی هەڵبژاردە بەشدارەکان دابینبکات، دووپاتیشی دەکاتەوە، کە وەزارەتەکەی هەموو هەوڵێکی بەگەڕخستووە شارێکی دیکەی وەرزشی لە بەسڕە بونیادبنێت و تەواوی داواکاری و مەرجەکان جێبەجێبکات.

بڕیارە جامی کەنداوی 25 لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2021 تاوەکو مانگی کانونی دووەمی 2022 بخایەنێت، تاوەکو ئێستا تەنها عێراق دۆسیەی خۆی بۆ سازکردنی پاڵەوانێتیەکە پێشکەشکردووە.

بابەتی پێشتر

فڕۆکەخانەی سلێمانی گەشتی بۆ چەند وڵاتێک ڕاگرت

بابەتی دواتر

ترەمپ لێبوردنی بۆ چوار سەربازی ئەمریکی دەرکرد "14 عێراقییان کوشتووە"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share