فەرەنسا 10 ژن و 25 منداڵ لە کامپی هۆلەوە دەگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی

فەرەنسا 10 ژن و 25 منداڵی لە کامپی هۆلەوە گەڕاندەوە بۆ وڵاتەکەی، ئەوە چوارەم کۆمەڵە ژن و منداڵن کە فەرەنسا لە کامپەکەوە بیانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو وڵاتە.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەکردووە، “منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی رادەستی دەزگا پەیوەندیدارەکانی دابینکردنی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵان دەکرێن”.

دەیان هەزار کەس لە نێویاندا ئەندامانی خێزانی چەکدارانی داعش کە زیاتر لە 60 نەتەوەی جیاوازن لە کامپی هۆل دەستبەسەرن.

ئەم ژنە فەرەنسییانە خۆبەخشانە چوونەتە ئەو ناوچانەی کە داعش لە عێراق و سوریا کۆنترۆڵی کردبوو، ئەوان دوای راگەیاندنی کۆتاییهاتنی داعش دەستگیرکران.

هەر کەسێکی پێگەیشتوو کە خۆبەخشانە رووی لە ناوچەکانی سوریا و عێراق کردبێت کە لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون، رێکارەکانی دادوەرییان بەسەردا دەسەپێنرێت.

فەرەنسا لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە ئیدانە کرا بەهۆی هێواشی گەڕاندنەوەی هاوڵاتییانی خۆی لەو کامپانە، لە هاوینی 2022 لە یەکەم هەوڵدا داعش 16 ژن و 35 منداڵ گەڕێنرانەوە بۆ فەرەنسا، دواتر لە مانگی تشرینی یەکەمدا بەشی دووەمیان ئەنجامدا کە 15 ژن و 40 منداڵی لەخۆگرتبوو .

لە مانگی یەکی رابردووشدا وەزارەتی دەرەوە گەڕاندنەوەی 15 ژن و 32 منداڵی راگەیاند، ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە ئیدانەکردنیان لەلایەن لیژنەی دژە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

بابەتی پێشتر

خوێندکارانی 12ی ئامادەیی لە ئەمڕۆوە دەتوانن پەڵپ لە ئەنجامەکان بگرن

بابەتی دواتر

ژمارەی مردنی دایکان لە دوای لەدایکبوونی منداڵەکانیان لە ئەمریکا بەرزبووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share