قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ژینگە لەگەڵ نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان دەكات

حكومەتی هەرێم و نوێنەر و كونسوڵی وڵاتان لە هەولێر لەسەر پرسی ژینگە كۆبوونەوە و چەند راسپاردەیەك تاوتوێكران.

بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێم و زیاتر لە 16 کونسوڵ و نێردەی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی پاراستنی ژینگە بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو و هەریەک لە وەزیری کارەبا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، سەرۆکی دەستەی ژینگە و جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەشداربوون، قوباد تاڵەبانی باسی لە دۆخی ئێستای ژینگەی کوردستان و مەترسییەکان و لێکەوتەکانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای کرد لەسەر کوردستان.

لەمبارەیەوە رایگەیاند، پێویستە تا درەنگ نەبووە حکومەت، کۆمەڵگای مەدەنی و وڵاتانی دۆست بە هاوکاری یەکتر پلانی ستراتیژی و تۆکمەی زانستی بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگەی کوردستان ئامادەبکەن و هەر بە هاوکاری یەکتریش جێبەجێی بکەن، چونکە پرسی ژینگە پرسێکی گرنگە و بەبێ هاوکاری هەمەلایەنەی حکومەت، کۆمەڵگای مەدەنی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاسان نییە بتوانرێت بەرەنگاری گۆڕانکارییە مەترسیدارە ژینگەییەکان ببینەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بە کێشەکانی خاک و سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان و وتی، “بەداخەوە خاکە بە پیتەکەمان مەترسی لەسەرە، لەگەڵ ئەوەی لەپێناو ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی ئابوریدا دەمانەوێت پەرە بە کەرتی کشتوکاڵ بدەین، هاوکات لەگەڵ ئەوە پێویستە پلانمان هەبێت بۆ پاراستنی خاک و سەرچاوە ئاوییەکان و هەروەها پاککردنەوەشیان”.

داواشیکرد وڵاتانی دۆست، پسپۆڕ و راوێژکار رەوانەی کوردستان بکەن بە تایبەتیش لە بوارەکانی پاراستن و پاککردنەوەی ئاو و خاکدا.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، چەندین بابەتی دیکەش تاوتوێکران لەوانە چۆنییەتی بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی لە کوردستان و هەروەها هۆشیاکردنەوەی کۆمەڵگا و رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە پاراستنی ژینگە. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد کۆنسوڵخانەکان لەمەوبەدوا گرنگی زیاتر بدەن بە هاوکاریکردنی رێکخراوەکانی ژینگەپارێز.

هاوكات چەندین پڕۆژەی جیاواز پێشکەشی کونسوڵخانەکان کران بۆ ئەوەی دوای تاوتوێکردنیان لەڕێگەی وڵاتەکانیانەوە هاوکاری حکومەتی هەرێم و کۆمەڵگای مەدەنی بن لە پرسی پاراستنی ژینگەدا.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت رۆژی پێشتر قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسانی پسپۆڕ و ئاکادیمی کوردستان لەسەر پرسی ژینگە کۆبووەوە و بڕیاریشە لە ماوەکانی داهاتوودا کۆبوونەوەی فراوانتر لەسەر ئاستی پسپۆڕان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و عێراق بەڕێوەبچێت تا بە هەوڵی هەمەلایەنە پرسی ژینگە ببێتە ئەولەوییەتی سیاسەت لە عێراق و کوردستان.

بابەتی پێشتر

مامۆستایەكی زانكۆ لە ئەكواپارك گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

لە سەیرانگای كونەماسی دوو كەس خنكان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لە كاتی داخستنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و 100…
Total
0
Share