مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو پەیوەندییەدا هەردوولا گفتوگۆیانكرد لەبارەی دانوستاندنەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد و هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر پرسی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. لەو ڕووەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەو هەوڵانەی بەرزنرخاند کە لەلایەن هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان-ەوە دراون بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مەسرور بارزانی و مایک پۆمپیۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سەر سنوور و پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی-یان تاووتوێكردووە.
لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیاری کردووە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی کارا و لە ئاستێکی باڵادا، بەشداربن لە چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەنێوان هەرێمی كوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.
هەردوولاش جەختیان كردووەتەوە لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، بەتایبەتی لە بواری وزەدا.