هەسەدە ژمارەی ئەو داعشانەی خۆیان ڕادەستكردووە ئاشكرادەكات

هەسەدە: هێزەکانمان بەشێوەیەکی هەستیارانە درێژە بە ئۆپراسیۆنەکانیان دەدەن

هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا 550 چەكداری داعش خۆیان ڕادەستی هێزەكانیان كردووە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ 250 چەكداری دیکەی داعش خۆیان ڕادەستی شەڕڤانان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە بەو 250 چەكدارەوە، تائێستا ژمارەی ئەو داعشانەی خۆیان ڕادەستی شەڕڤانان کردووە گەیشتووەتە 550 چەكدار.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانیان بەشێوەیەکی هەستیارانە درێژە بە ئۆپراسیۆنەکانیان دەدەن لە دەوروبەری زیندانی غوێران، کە بووە ئامانجی شانە نووستووەکانی داعش و هەوڵیاندا چەكدارە زیندانیکراوەکان ئازادبكەن کە ژمارەیان پێنج هەزارە.

ئێوارەی پێنجشەممەی ڕابردوو داعش هێرشێكی لەڕێی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و پەلامارەوە بۆسەر زیندانی غوێران لە حەسەكە ئەنجامدا، لەناو زیندانەكەش چەكداران یاخیبوونێكیان بەرپاكرد و بەهۆیەوە ژمارەیەكیان هەڵهاتن.

لەو ڕۆژەشەوە ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵمەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی ناوخۆی ڕۆژئاوای كوردستان دژ بە چەكدارە هێرشبەرەكان و بۆ دەستگیركردنەوەی زیندانییە هەڵهاتووەكان درێژەی هەیە.

دوێنێش ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەسەدە ڕایگەیاند، لە کاتژمێر پێنجی بەیانی ئەمڕۆ بانگەوازیان بۆ خۆڕادەستکردنی چەكدارانی داعش كردووە و دواتر هێرشیان کردووەتەسەر بینای زیندانێک کە چەكدارەكانی تێدابووە و نزیکەی 300 چەكدار خۆیان ڕادەستی هێزەکانیان کردووە.

هەسەدە ئەوكات ئاشكراشیكرد، چەكدارانی داعش “هاوڵاتیانی نیشتەجێی شوێنەکە وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ خۆیان بەکاردەهێنن، هەر بۆیە هێزەکانمان بە وریایی و ئاگادارییەکی زۆرەوە هەڵسوکەوت دەکەن”.

بابەتی پێشتر

فایزەر تاقیکردنەوەی ڤاکسینی دژە ئۆمیکرۆنی دەستپێکرد

بابەتی دواتر

هەدەپە: داعش لەناوچەكانی دەسەڵاتی توركیاوە چوونەتە حەسەكە و چەكی ناتۆیان پێیە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاگادارییەك بۆ جوتیاران

بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی ڕایدەیەگەیەنێت لە سبەینێوە دەستدەكەوە بە وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران و پڕۆسەكەش بۆ ماوەی یەك هەفتە…
Total
0
Share