وەزارەتی ناوخۆی هەرێم كردنەوەی 48 بنكەی نوێ بۆ تۆماركردنی چەكی ئاگرین رادەگەیەنێت.
وەزارەتەكە رایگەیاند، بەمەبەستی ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاوڵاتیان تا لە ماوەی ئەو مانگەی ماوە و، بۆ ئەوەی تا 21ی تەمموزی 2023 چەکەکانیان تۆماربکەن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان 48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی کردەوە، سەرەڕای بەردەوامی کارەکانی 42 بنکەکەی پێشوو.
داواش لە هاوڵاتیان دەکات بەزووترین کات سەردانی یەکێک لەو بنکانە بکەن و چەکەکانیان بێبەرامبەر تۆماربکەن.
وەزارەتی ناوخۆ روونیدەكاتەوە، لەکاتی تۆمارکردنی چەکدا، چەکەکە بە خاوەنەکەی دەدرێتەوە لەگەڵ فۆڕمێکی تۆمارەکە و دواتر بەو فۆڕمە دەتوانێت داوای مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بکات، ئەگەر پێویستی بێت، یان دەتوانێت بەو فۆرمە چەکەکەی لە کۆمەڵگەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک بفرۆشێت، کە لە ئایندەدا بە چاودێریی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێنەوە.