بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی یۆنان 79 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە لە نزیک یۆنان، ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیشیان رزگارکراون، لەگەڵ بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەکی دیکەدا.

ئێستا پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی گەڕان و پشکنینی لە ئاوی دەریای ناوەڕاستدا دەستپێکردووە، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی کۆچبەرانی دادەنێن کە لەو کەناراوەدا روویانداوە.

تا ئێستا لانیکەم 79 کەس گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە، ترسی بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەکی زۆری تریش هەیە.

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، کەشتییەکە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، لە 84 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای پایلۆس، لە کەناراوەکانی پێلۆپۆنێس نقوم بووە کە ئەو شوێنە نزیکە لە یەکێک لە قووڵترین ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست.

تیمەکانی رزگارکردن توانیویانە 104 سەرنشین رزگاربکەن، لەنێویاندا میسری، سوری، پاکستانی، ئەفغانی و فەلەستینی هەن هەروەها 79 تەرمیان دەرهێناوە.

نیکۆس ئەلێکسیۆ وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاندووە، “ئەمە یەکێکە لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکان کە تا ئێستا لە دەریای ناوەڕاستدا ئەنجامدراوە.”

وتیشی، “ئێمە واز لە پرۆسەی گەڕان بەدوای کۆچبەرانی دیکەدا ناهێنین”.

ئیوانیس زافیرۆپۆلۆس، جێگری سەرۆکی شارەوانیی شاری بەندەری کالاماتا لە باشووری ئەو شارە، کە رزگاربووانی بۆ گواستراونەتەوە، وتی، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە “زیاتر لە 500 کەس” لەناو بەلەمەکەدا بوون.

بابەتی پێشتر

رووداوێكی "هاتوچۆی تۆقێنەر" لە هەولێر روویدا

بابەتی دواتر

پشکنینێکی سادەی خوێن دەتوانێت 50 جۆری شێرپەنجە ئاشکرابکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەسەروو 82 دۆلار مامەڵەی…
Total
0
Share